وەزارەتی دارایی: کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوامن

01-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کات دا کارەکانیان تەواو بکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 01-02-2025 بڵاویکردووەتەوە، "کۆبوونەوەی تیمە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بۆ چارەسەری کێشەکان، بەردەوامن."
 
شەوی رابردووش وەزارەتەکە راگەیێندراوێکی دیکەیان لەبارەی کۆبوونەوەکانیان لەبەغدا و ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو راپۆرت و داواکارییانەی لەلایەن تیمی تەکنیکیی هاوبەشی هەردوولاوە لەسەر داوای وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە 10 رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون."
 
رۆژی هەینی 31-01-2025 لە بەغدا بە سەرپەرشتی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتیی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
 
شاندی هەرێمی کوردستان، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، "ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵدا."
 
هاوکات لەدوای کۆبوونەوەکان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی مووچەی مانگی کانوونی دووەمەوە گوتی: "ئومێدەوارم تاوەکو یەکشەممە مووچە بنێردرێ."
 
هەر دوێنێ لەبارەی وردەکاریی نێو کۆبوونەکە، رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەکرد "لەسەر دوو بابەت قسە کرا، یەکێکیان لیستی مووچەی مانگی یەک بوو، لەبەر ئەوەی ئەو لیژنەیەی لە وەزارەتی دارایی عێراق هاتبوونە هەولێر، نەگەڕاونەتەوە هێشتا، ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە. لەسەر لیستی خانەنشینی تێبینییەک هەبوو لەسەر ئەوەی لە 01-01-2025ـەوە هەر کەسێک خانەنشین دەکرێت بەپێی یاسای یەکگرتوو دەبێت، ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە رابردوو کردوویەتی لەسەر داهاتی خۆی کردوویەتی نەک لەسەر تەخسیسی حکومەتی عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان لە 01-07-2024ەوە لە داهاتی ناوخۆ داویەتی، بۆیە لەسەر ئەم لیستانە تۆزێک وردەکاری هەبوو، بۆیە کۆبوونەوەکە کەوتە سبەی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە