رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی کەمیی قوتابخانە هەیە. بەڕێوەبەری نۆژنکردنەوە و فراوانکردنی قوتابخانەکانی پارێزگاکە دەڵێت، 340 هەزار مەتر دووجا کورتهێنانیان لە رووبەری پەروەردەدا هەیە.
بەرپرسانی پەروەردەی پارێزگاکەش داوای بودجەی زیاتر دەکەن. ئیبراهیم مورادی، بەڕێوەبەری نۆژنکردنەوە و فراوانکردنی قوتابخانەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند: "ئەوە کارێک نییە کە تەنیا رێکخراوی نۆژنکردنەوە و فراوانکردنی قوتابخانەکان یان رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگا لێی بەرپرسیار بێت. بێگومان پێویستە پێداچوونەوە بە یاساکاندا بکرێت."
بەرپرسانی پەروەردەی سنە دەڵێن، تێکرای رووبەری پەروەردە بۆ هەر تاکەکەسێک لەو پارێزگایە 4 مەتر و 81 سانتیمەترە، لە کاتێکدا لە ئێران 5 مەتر و 45 سانتیمەترە.
جگە لە کەمیی هۆڵەکانی خوێندن، 13٪ی هۆڵەکانی خوێندن لە پارێزگای سنە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، 6.5٪ی قوتابخانەکانی پارێزگاکە لە لێواری رووخاندان و پێویستە سەرلەنوێ دروستبکرێنەوە. هەروەها 28 قوتابخانەش لە نێو کابینەدان.
زەرغام پەرنیان، راوێژکاری وەزیری پەروەردەی ئێران لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئێمە هیچ رێگەیەکمان نییە جگە لەوەی لە رێگە لاوەکییەکانەوە بتوانین ئەم دۆخە ئاسایی بکەینەوە، بە تایبەت لە هەمەجۆرکردنی بودجەدا. ئەمە یەکێکە لە رێگەکان. ئێمە ناتوانین هەموو بودجەکە بدەینە پارێزگایەک. کەموکورتییەکان ئەوەندە زۆرن، بووەتە قەیران."
ئەم ساڵ لە پارێزگای سنە زیاتر لە 320 هەزار قوتابی لە 3 هەزار و 200 قوتابخانە دەخوێنن. بەپێی ئامارەکانی پەروەردەی پارێزگاکە، 23٪ی قوتابیان لە گوندەکان و 77٪یشیان لە شارەکانن، لە کاتێکدا 63٪ی قوتابخانەکان لە گوندەکان و 37٪ی قوتابخانەکانیش لە نێو شارەکاندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ