لە سنووری کەرکووک بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمی گەنمی 300 دۆنم زەوی کەمدەکات

01-02-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
جووتیاران بەهۆی کەم بارانی، بە ئاوی بیر گەنمەکەیان ئاو دەدەن.
جووتیاران بەهۆی کەم بارانی، بە ئاوی بیر گەنمەکەیان ئاو دەدەن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری کەرکووک ئەم ساڵ گەنمی 300 هەزار دۆنم زەویی دێمی بەهۆی وشکەساڵییەوە، بەرهەمیان وەکو پێویست نابێت و سایلۆکانی پارێزگاکە وەریانناگرن.
 
595 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراو پشت بە ئاوی بیر و پڕۆژەی ئاودێری دەبەستن، کەمیی کارەبا و گرانیی پێداویستیی ئاودانی دەستکرد، ئەرکی جووتیارانی قورس کردووە.
 
عومەر شاسوار، لە گوندی چەخماخە جووتیارە و دەڵێت، "ئەگەر لە سەرەتای مانگی 11 باران باریبووایە و پەڵەی دابووایە، نەدەبووە وشکەساڵی، بەڵام دڵنیام تازە بشبارێت سوودی نییە. خەرجیی زۆری هەیە، لەڕووی پارەی کارەبا و خەرجییەکانی دیکەش."
 
لەلای جووتیاران هەموو نیشانەکانی وشکەساڵی دەرکەوتووە، بۆیە خواست لەسەر بەکارهێنانی پڕۆژەی ئاودێری زۆر بووە و ئەمەش بۆری، مەڕەشە و پێداویستییەکانی دیکەی گران کردووە.
 
عەبدوڵلا محەممەد، دووکاندارە و لەبارەی پێداویستییەکانی کشتوکاڵ دەڵێت، "خواستی جووتیاران لەسەر سۆندە زۆرە، چونکە ئەگەر ئاوی نەدات، دەخڵەکەی نابێت. جووتیار دەبێت زەوییەکەی ئاو بدات، سۆندەش بۆ هەر دۆنمێک نرخەکەی لە 350 هەزارەوە  دەستپێدەکات تاوەکو 500 هەزار."
 
پێشتر پشکی کەرکووک لە ئاوی زێی بچووک لە چرکەیەکدا 55 مەتر چوار گوشە بوو، ئێستا بۆ 45 مەتر چوارگۆشە کەمکراوەتەوە، ئەمەش بەشی ئەو رووبەرە زەوییە ناکات کە بەگەنم چێنراون.
 
هەڤاڵ محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک لەبارەی رێژەی بارانبارینی ئەم ساڵ بەراورد بە پار دەڵێت، "بەگوێرەی ئەو مۆدێلە ئەورووپییەی پێی دەزانین، ئەم ساڵ وشکەساڵییە. بۆ نموونە پار لە دووبز تاوەکو ئەم کاتە، 121 ملیمەتر باران باریبوو، بەڵام ئەم ساڵ لە مانگی 9 تاوەکو ئێستا 65 ملیمەتر باران باریووە. واتە نزیکەی 50٪ باران کەمی کردووە."
 
وشکەساڵی و قەدەخەکردنی هەڵکەندنی بیری ئاو و وەرنەگرتنی گەنمی ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەرە، زیانی زۆر بە جووتیارانی کوردی کەرکووک دەگەیەنێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە