رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو ئەمڕۆ شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی ئەندامانی شاندەکە لە بەغدان، کۆبوونەوەکە دواخرا.
بڕیار بوو رۆژی شەممە شاندی تەکنیکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دوایین کۆبوونەوەیان بکەن و رەشنووسی کۆتایی لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوو ئامادە بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا و "رەنگە سبەی بکرێت".
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی ئەندامانی لیژنەی کۆبوونەوە لە بەغدان. ئەمڕۆ کۆبوونەوە ناکرێت و چاوەڕێی هاتنەوەی ئەوان دەکەین، پێدەچێت سبەی کۆبوونەوەکە بکرێت".
ئەو شاندەی بڕیاربوو کۆببنەوە، پێشتر چوار جار کۆبوونەوەتەوە. کۆبوونەوەی پێنجەم بڕیار بوو پێنجشەممەی رابردوو بکرایە و دواخرا بۆ ئەمڕۆ شەممە.
پێنجشەممە سەرچاوەکەی نێو شاندی یەکێتی بە رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی داهاتوو، پێنجەم و دوایین کۆبوونەوە دەبێت و هەردوولا بڕیاری کۆتایی دەدەن".
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباحە. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ