رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای کفری دەڵێت، جموجووڵی داعش لە سنووری کفری و دەوروبەری نەماوە. فەرماندەیەکیش لە هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان باس لە پڕکردنەوەی 80٪ـی بۆشاییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا دەکات.
رۆژی شەممە، 1ـی شوباتی 2025، ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جموجووڵی چەکدار و شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچەکانی سنووری کفری نەماوە، بەتایبەتی دوای جێگیربوونی فەوجێکی لیوا هاوبەشەکان کە کامێرای چاودێری و ئامێری پێشکەوتووی ئەمنییان پێیە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی گەورەی لەسەر بنبڕکردنی جموجووڵی چەکدارانی داعش هەبووە."
ساهیر عەلی گوتیشی، پێشمەرگەش لە ناوچەکە هەیە، بەتایبەتی لە سنوورەکانی نەوجوول، غەڕە، کارێز و شوێنەکانی دیکە و "ئەوەش دڵنیاییە بۆ هاونیشتمانییان."
فەرماندەیەکیش لە هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان بە رووداوی گوت: "هەر لیوایەکی پێشمەرگە لەم سنوورەدا ناوچەیەکی بۆ دیاریکراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پاراستنی ئاسایشی بکات. بەشێکی ئەو ناوچانەی دیاریکراون دەکەونە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە: "ئێستا نزیکەی 80٪ـی رووبەری بۆشاییە ئەمنییەکانی گەرمیان پڕکراونەتەوە و بەشی هەرە زۆریشی هێزەکانی پێشمەرگە تێیدا جێگیرن".
ئەو سەرچاوەیەی فەرماندەیی پێشمەرگە دەڵێت: "فەوجێکی لیواهاوبەشەکان لە سنووری گەرمیان جێگیرە و ئەوەش کاریگەری هەبووە، بەڵام لە نێوان ئەو فەوجە و هێزەکانی حەشدی شەعبی نزیکەی 8 بۆ 10 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی هەیە کە پڕنەکراوەتەوە."
ئابی ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق رێککەوتن بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە.
لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستبوو و پاشماوەکانی داعشیش ئەو شوێنانەیان بۆ خۆیان دەقۆستەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ