پڕۆگرامێکی تایبەت بە پەرەپێدانی توانای کارسازی بۆ زانکۆکانی کوردستان دادەڕێژرێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی زانکۆیەکی ئەمریکا پڕۆژەی دامەزراندنی سەنتەرەکانی کارسازیی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە سێ ئەرکی سەرەکییان دەبێت، لەنێویاندا داڕشتنی پرۆگرامێکی تایبەت بە راهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی لە زانکۆکانی کوردستان.
 
بە گوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، دامەزراندنی ئەو سەنتەرانە بە هاوئاهەنگی وەزارەتەکە و زانکۆی "MIT"ـی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە هەنگاوی یەکەمدا پڕۆژەکەدا "ژمارەیەک مامۆستا کە لە زانکۆکانی کوردستان لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆکەوە راهێنانیان پێکراوە، ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لەئەستۆ دەگرن".
 
بەپێی وەزارتی خوێندنی باڵا، ئەرکی ئەو سەنتەرانە بریتی دەبێت لە "داڕشتنی پڕۆگرامی خوێندنی تایبەت بە راهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی لە زانکۆکانی کوردستان؛ هەروەها کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی خولی راهێنان و فێرکردنی بەردەوام لەبارەی داهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی".
 
جگە لەو دوو ئەرکە، سەنتەرەکان "کارئاسانی دەکەن بۆ رێکخستنی ئەو چالاکیانەی کە پەیوەندیدارن بە پراکتیزەکردنی بیرۆکەی داهێنەرانە و دروستکردنی مۆدێلی نوێی کارسازی بە هاوئاهەنگی کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان".
 
ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دوای کۆبوونەوەیەک هات کە لە وەزارەتەکە لەنێوان تیمی راوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و نوێنەری کونسوڵگەری ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا و رێکخراوی "IREX"ـی ئەمەریکی لە وەزارەتەکە لەگەڵ ئەو مامۆستایانە بەڕێوەچوو کە بەشدارییان لە کۆرسی پەرەپێدانی توانای کارسازی زانکۆ ئەمریکییەکە کردووە.
 
پڕۆژەکە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی دەکرێت و بە هاوئاهەنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و رێکخراوی "IREX" و زانکۆی "MIT" جێبەجێ دەکرێت.
 
زانکۆی  (Massachusetts Institute of Technology کە کورتکراوەکەی  (MIT)ـە، لە زانکۆ ئاستبەرزەکانی جیهانە و بڕیارە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کوردستان کاربکات.