رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ئاماری شەڕوپێکدادانەکانی پەکەکەی لەگەڵ سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە یەکەم مانگی ئەم ساڵدا 99 سەربازیان کوشتووە و سێ گەریلاش گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش گیانلەدەستدانی 21ی گەریلای بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی شوباتی 2024 بڵاوکرایەوە، ئەم ساڵ هێزەکانی سوپای تورکیا 238 جار بە فڕۆکەی جەنگی، 18 جار بە درۆن و 6 جار بە بۆمبی قەدەخەکراو پێگەکانی پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا 3 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە دەڵێت، گەریلاکان لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا 79 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان؛ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 99 سەرباز کوژراون و 12 سەربازیش برینداربوون.
هەر ئەمڕۆ، لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا و لە ئەنجامی بۆردوومانەکانیان 63 گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە؛ 21یان گەریلا بوون.
لیوا زەکی ئاکتورک دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانیان لەماوەی ساڵێکدا دوو هەزار و 541 گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ