وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: بەرپرسیارێتیی عێراقە گرووپەکان کۆنترۆڵ بکات

رووداو دیجیتاڵ
 
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک بە رووداوی گوت، "ئەگەرچی کارێکی قورسە، بەڵام کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان، گرنگترین بەرپرسیارێتیی عێراقە".
 
باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن ئەو قسانەی کرد.
 
"ئەمریکا چۆن لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەڕوانێت بۆ وەستاندنی گرووپەکان لە هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگەکانی لە ناوچەکە؟"، پرسیارەکەی دیار کوردە بوو.
 
لیف بەدیاریکراوی گوتی، "ئەمە دۆخێکە کە ئێران بۆ چەندین ساڵە هەوڵی دروستکردنی داوە، بۆیەش یەکەمین و گرنگترین بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقە کە ئەو بوونەوەرانە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. ئەنجامدانی ئەوەش کارێکی قورسە کە لەهەمان کاتدا، ئەو گرووپانە لە چەندین ساڵی رابردوودا لەلایەن ئێرانەوە خۆراکیان پێدراوە و چەکیان بۆ دابینکراوە".
 
یاریدەدەرەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خواستی وڵاتەکەی بۆ بینینی هەنگاوی زیاتری عێراق نەشاردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "دەمانەوێت هەنگاوی زیاتر ببینین کە رێگری لەو هێرشانە بکەن و ئەنجامدەرانیشی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە".
 
لەلایەکی دیکە، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەوامن لە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکەکەی سوپای وڵاتەکەی لە ئوردن.
 
لۆید ئۆستن هەروەها گوتی، "سەربازەکانمان لە لایەن میلیشیا رادیکاڵەکانەوە کوژران کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و لە عێراق و سووریا جموجووڵیان هەیە. سەرۆک بایدن هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکی قبووڵ ناکات و منیش ئەوە قبووڵ ناکەم". 
 
لە 17-10-2023وە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن زیاتر لە 160 هێرشیان کردوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا. 
 
دوایین هێرش رۆژی یەکشەممە ئەنجامدرا کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن و برینداربوونی 41ی دیکە.