لە بەدلیس راپرسی و چەندین چالاکیی دیکە قەدەخەکران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان ئەنجامدانی راپرسی، رێپێوان، خۆپێشاندان، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی و چەندین چالاکیی دیکە بۆ ماوەی چوار رۆژ قەدەخە کران.
پارێزگای بەدلیس درەنگی شەوی چوارشەممە، 31-1-2024، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "لە کاژێر 00:01ی رۆژی 1ی شوباتی 2024 تاوەکو کاژێر 23:59ی رۆژی 4ی شوبات لە سنووری پارێزگای بەدلیس، جگە لەو چالاکییانەی پارێزگا و قایمقامیەت رێگەی پێدەدەن، هەموو جۆرە خۆپێشاندان، رێپێوان، کۆبوونەوە، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی، مانگرتن، راپرسی، هەڵدانی خێوەت و دانانی ستەیج، کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ، دابەشکردنی برۆشۆر و ئاگاداری، پرۆتیستۆکردن و خۆپێشاندان بە گوێرەی حوکمی یاسای کارگێڕی قەدەخەن".
پارێزگای بەدلیس راگەیێنراوەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە، بەشێک لە پارتە سیاسی و رێکخراوە مەدەنییەکان بابەتە جیهانی و نێوخۆییەکان بەلاڕێدا دەبەن و بۆ مەبەستێکی دیکە بەکاردەهێنن.
ئەم قەدەخەیە لەکاتێکدایە، کە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نزیک دەبنەوە کە بڕیارە 31-3-2024 بەڕێوەبچێت. بەشێکی زۆر لە ناوەند و کۆمپانیاکانی تایبەت بە لیکۆڵینەوە لە پارێزگاکاندا راپرسی دەکەن و ئەنجام بڵاودەکەنەوە.