پلە بەرزکردنەوەی زیاتر لە چوار هەزار و 300 ئەفسەر گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێنج خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ژمارەیەک لە مانگەکانی ساڵانی 2020 و 2021 و 2022 و 2023ـی ژمارەیەک ئەفسەر کە بەشێکیان لە هێزەکانی 70 و 80ن لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتەکە و بڕیارە لە داهاتوودا پلەبەرزکردنەوەیان بۆ بکرێت.
 
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دوای رەزامەندی بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلەبەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلوولی ساڵەکانی 2020 و 2021، خشتەی نەورۆزی 2022ـی ئەفسەرانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی(70، 80)، خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەیلوولی 2023 و خشتەی نەورۆزی 2023ـی ئەفسەرانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە،"ئەمڕۆ 1ـی شوباتی 2024 دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان، خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەو ئەفسەرانە گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە و لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە رێکارە کارگێرییەکانی بۆ دەگیرێتەبەر".
 
بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەو ئەفسەرانەی پلەبەرزکردنەوەیان بۆ گەڕاوەتەوە 4 هەزار و 304 ئەفسەرن؛ ئەو ئەفسەرانە 3671یان لە هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگەن و 635یشیان ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگەن.
 
سەرۆکی ئەرکانی وەزارتی پێشمەرگە دەڵێت،"ئەمە نۆیەمین خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە کارمان لەپێناو هەرچی زوو گەڕانەوەیان کرد و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات خشتەی پلەبەرزکردنەوەی تەواوی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە ریچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت."
 
پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە تاوەکو پلەی جێگری ئەفسەر، راستەوخۆ بە فەرمانی وەزیر ئەنجام دەدرێت؛ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دەربچێت و دواتر رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتەوە و دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.