سیاسەتڤانێکی کورد: رێژەی کورد لە عەفرین زیاتر لە 70٪ کەمیکردووە

01-02-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن عەفرین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سیاسەتڤانێکی کورد دەڵێت، بەراورد بە شەش ساڵ لەمەوپێش، رێژەی دانیشتووانی کورد لە عەفرین زیاتر لە 70٪ کەمیکردووە و، عەرەب و تورکمان لە شوێنیان نیشتەجێکراون. دەشڵێت ''ئەمە سیاسەتی حکومەتی تورکیایە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین.''
 
د. کامیران حەج عەبدۆ، سیاسەتڤانی کورد، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوێن دارا پێشکێشیکرد، رۆژی چوارشەممە (31-01-2024) رایگەیاند ''ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی هەرێمی عەفرین ئاوارەی ناوچەی شەهبای رۆژئاوای کوردستان بوونە و ئێستا کەمتر لە 26٪ـی دانیشتووانی هەرێمەکە کوردن، عەرەب و تورکمانیش جێگەی کوردانیان گرتووەتەوە.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە وەک کامیران حەج عەبدۆ گوتی، شەش ساڵ لەمەوپێش، زیاتر لە 97٪ـی دانیشتووانی عەفرین کورد بوون، گوتیشی ''دوو ئاستەنگی گەورە، لەبەردەم گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی عەفرین لە کەمپەکانی شەهبا هەن؛ یەکەم، هێزێک کە لە شەهبا دەسەڵاتدارە و رێگە بە گەڕانەوەیان نادات، دووەم، ئەو هاونیشتمانییانەی دەگەڕێنەوە عەفرین، بە تۆمەتی جیاجیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەستگیر دەکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن یان بە زۆر پارەیان لێ وەردەگیرێت.''
 
ساڵی 2018 سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیک لەم وڵاتە بە پاساوی هەبوونی پەیوەندیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، هێرشیان کردە سەر عەفرین، کە ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا بوو و دوای شەڕێکی دوو مانگە، داگیریان کرد.
 
دواتر زیاتر لە 100 هەزار هاونیشتمانیی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بە ناچاری ئاوارەی ناوچەی شەهبای باکووری رۆژئاوای شاری حەلەبی سووریا بوون.
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە گوتی ''ئامانجی تورکیا و هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتدار لە گوشارخستنەسەر هاونیشتمانیانی کورد لە عەفرین، گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، بۆیە چەکی هەرە کاریگەر لە بەرامبەر سیاسەتی تورکیا، گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان.''
 
 
وەک ئەو سیاسەتڤانە دەڵێت ''شەش ساڵە هاونیشتمانییانی عەفرین دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئەوانەی گەڕاونەتەوە، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سووریی سەر بە تورکیا، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەیەدە، پەکەکە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، دەستگیرکراون، یان داوای پارەی زۆریان لێکراوە.'' 
 
کامیران حەج عەبدۆ ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە پەکەکە و پەیەدە کە لە ناوچەی شەهبا دەسەڵاتدارن، هیچ لایەنێکی دیکە توانای گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی نییە، هاوکات لەبارەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) گوتی ''ئەنەکەسە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، هیچ دەسەڵات و هێزێکی ئەوتۆی نییە و ئەمە تەنیا بە پەیەدە و پەکەکە دەکرێت.''
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە کە سکرتێری پێشووی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسەیە دەشڵێت، ئێستا موڵکی ئەو هاونیشتمانییانەی عەفرینیان جێهێشتووە، کەوتووەتە دەست تورکمان و عەرەب و، بەشێوەیەکی نایاسایی لەسەریان تاپۆ دەکرێن ''بۆیە لە کاتی گەڕانەوەی هاونیشتمانییانیش ئەستەمە خانووەکانیان چۆڵ بکرێن، بەڵام دوو یان سێ مانگیش لەبەردەم خانووی خۆیان بمێننەوە، باشترە لەوەی لە کەمپەکانی ناوچەی شەهبادا بژین.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.