بەریتانیا پشتگیری لە "چارەسەرکردنی کێشەکانی" پارتی و یەکێتی بە گفتوگۆ دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، بەریتانیا پشتگیری لە "چارەسەرکردنی کێشەکانی" پارتی و یەکێتی بە گفتوگۆ دەکات. 
 
رۆژی چوارشه‌ممه‌ 01-02-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ مايک برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق كرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هه‌رێمى ‏كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌‌كەدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ برەودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كى عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا كرده‌وه‌؛ هەروەها دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى ‏عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌يان به‌گشتى تاوتوێ ‏كرد.‏
 
له‌باره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵيۆزى به‌ريتانيا پێشوازى له‌ ‏كۆبوونه‌وه‌ى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرد، پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ گفتوگۆى هه‌ردوولا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ ‏ده‌ربڕى. ‏

 

 
رۆژی شەممە 28-01-2023، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و بڕیارە رۆژی شەممە 04-02-2023 جارێکی دیکە کۆببنەوە. 
 
دوای کۆبوونەوەیەکی یەکەمی هەردوو حیزبەکە، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "پێشوازی لە هەنگاوەکانی هاوبەشانمان لە نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ باشکردنی پەیوەندییە نێوخۆییەکانیان لە پێناو بەرژوەندیی خەڵکەکەیان، بە پێکەوەکارکردن، ئەوان دەتوانن هەرێمێکی خۆڕاگرتری کوردستانی عێراق دروستبکەن. ماڵێکی یەکگرتوو، هەمیشە سەرفراز دەبێت."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێچيرڤان بارزانى و مايک برايسۆن ريچاردسۆن، سەرۆکایەتیی هه‌رێمی كوردستان گوتی، پرسی ياساكانى نه‌وت و گاز، بودجه‌ى عێراق، بڕياره‌كانى ‏دادگەی فيدراڵى و كاريگه‌ريى نه‌رێنييان له‌سه‌ر كه‌شى سياسيى وڵات خسته‌‏به‌ر باس. لەوبارەیەوە، مايک برايسۆن ريچاردسۆن دەڵێت،‌ وڵاته‌كه‌ى هه‌ولێر ‏و به‌غدا هان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.