ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: گۆڕانکاری لە یاداشتنامەی قەدەخەکردنی جێندەردا کراوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، هەندێ کات لەسەر بنەمای متمانە واژۆ لەسەر لاپەڕەی سپی کۆدەکرێتەوە. دەشڵێت، "چەندین جار گوتوومە ئەمە هەڵەیە و ئەو نووسراوەی بۆ قەدەخەکردنی چالاکیی تایبەت بە جێندەر واژۆکراوە، لیژنەکانی یاسایی و تەندروستی ئاگایان لێی نییە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1-2-2023، هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەو نووسراوەی بۆ قەدەخەکردنی چالاکیی تایبەت بە جێندەر واژۆکراوە، نە لیژنەی یاسایی ئاگادارە و نە لیژنەی تەندروستی. 
 
هۆشیار ئیسماعیل گوتی، چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی واژۆیان لەسەر قەدەخەکردنی هاوڕەگەزخوازی کردووە، "من 100٪ هاوڕام لەگەڵیاندا، بەڵام دواتر نووسراوەکە گۆڕاوە و جێندەر تەنها لە هاوڕەگەزخوازیدا کۆکراوەتەوە کە ئەمە هەڵەیە و هاوڕانیم لەگەڵیدا."
 
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند: "هەر بڕیارێک کە دەدرێت دەبێت ئێمە وەک ئەندام ئاگاداربین، ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک یاسایی نییە".
 
بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی کە لە 29-1-2023 واژۆی کردووە، هەموو چالاکییەکی جێندەری لە پارێزگای سلێمانی قەدەخەکرد و لە نووسراوەکەدا کە ئاراستەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کراوە، هاتووە: "بفەرموون بە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان لە ئەنجامنەدان و رێگەنەدان بە هیچ جۆرە چالاکییەکی لەم جۆرە لەناو بینای فەرمانگەکان کە دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و مەترسیی بۆ سەر گەنجان و نەوەکانمان."
 
رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە سەرەتای ئەم مانگە، من لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا ژمارەیەک واژۆم کۆکردەوە بۆ قەدەخەکردنی چالاکیی جێندەری و هاوڕەگەزخوازی، دواتر لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەوە کرایە بڕیار."
 
رەمەزان نامیق گوتی: "ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا چووەتە دەرەوەی وڵات و دەسەڵاتەکانی دراوە بە جێگرەکەی، ئەو بڕیارەش لەلایەن بەرزان محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاوە واژۆکراوە."