شاندێکی پارتی سەردانی گۆڕان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە شاندی پارتی لە شاری هەولێر سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات. ئاشکراشی کرد، "شاندەکەی پارتی هەفتەی داهاتوو سەردانی ژمارەیەک پارت و لایەنی دیکە دەکات، لەنێواندا حیزب و لایەنەکانی کریستیان و تورکمان."
 
رۆژی چوارشەممە، 1-2-2023، عومەر بەکر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە درێژەی سەردانەکانی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای حیزب و لایەنە سیاسییەکان، بڕیارە کاژێر 11ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 2-2-2023، لە شاری هەولێر سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان بکات."
 
ئەو بەرپرسەی پارتی روونیشیکردەوە، "شاندەکە لەلایەن مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەی سیاسییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت." لەبارەی کارنامەی سەردانی هەفتەی داهاتووی ئەو شاندەوە، عومەر بەکر گوتی، سەردانی ژمارەیەک لایەن و حیزبی دیکە دەکەن، لەنێویاندا پێکهاتەکانی تورکمانی و کریستیانی.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەوە مانۆڕێکی بۆ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە. 
دوای ماوەیەک لە ناکۆکی؛ 28ـی ئەم مانگە شاندێکی باڵای یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە یەکێتی و پارتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکە بارودۆخی گشتی، هاوکێشە ناوخۆیی، ناوچەییەکان، راوسەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو، لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆببنەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 31-1-2023، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد. 
 
رۆژی چوارشەممەش، 1-2-2023، شاندەکەی پارتی سەردانی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان،  رەنجدەرانی کوردستان و زەحمەتکێشانی کوردستانی لە شاری هەولێر کرد.