وەزارەتی خوێندنی باڵا: نزیکەی 11 هەزار ناومان بۆ بەغدا ناردووە بۆ دامەزراندن

01-02-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناوی نزیکەی 10 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان و 930 هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان بۆ بەغدا ناردووە بۆ دامەزراندن. 
 
د. توانا نەجەف، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە کۆتایی ساڵی رابردوو لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە نووسراوێک داوای ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان کرابوو کە دانەمەزرابوون.
 
داواکارییەکەی نوێنەرایەتیی حکومەت لە بەغدا لەسەر بنەمای داوایەکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی عێراق بوو.
 
د. توانا نەجەف گوتی: "وەزارەتی خوێندنی باڵا لە رێگەی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ناوی هەموو دەرچووانی ساڵانی 2017 بۆ 2022 کە دانەمەزراون بە لیستێک ئاراستەی نوێنەرایەتیی حکومەت لە بەغدا کرد بۆ ئەوەی بدرێتە ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق کە ژمارەی دەرچووە سێ یەکەمەکان نزیکەی 10 هەزار دەرچوو دەبێت، لەگەڵ 930 کەس کە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە و دانەمەزراون."
 
سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی لەسەر هێڵن بۆ ئەو پرسە، بەغدا بە شێوەیەکی زارەکی داوای کردووە زانیارییان لەبارەی دەرچووەکان بە زمانی عەرەبی بۆ بنێرن، ئەوانیش بڕیاریان داوە بە زوویی بۆیان بنێرن."
 
لەماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق داوای لیستی ناوی هەڵگرانی ماستەر و دکتۆرا و سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی کرد کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە. د. توانا گوتی: "لیستی ئەوانیش ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی بۆ بەغدای بنێرین."
 
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2022-2023، ناڕەزایی و خۆپێشاندانی خوێندکاران لە زۆرینەی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەستیپێکرد، داواکاریی خوێندکاران دابینکردنی دەرماڵەی خوێندن بوو.
 
د. توانا نەجەف، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی 7 ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ دەرماڵە و نۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆییەکان تەرخان کرد، ئێستاش ئێمە مانگانە پێویستمان بە نزیکەی 5 ملیار دینارە و بە نووسراو داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆمان تەرخان بکرێت."
 
بە گوتەی د. توانا نەجەف، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رەشنووسی پڕۆژەیاسایەکی تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەرماڵەی خوێندکاران ئامادەکردووە و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ئەوەی بابەتی دەرماڵە بە یاسا چارەسەربکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.