چیرۆکی بەرکەوتوویێکی چەکی کیمیایی و شکستهێنانی دوو نەشتەرگەریی چاوی

رووداو دیجیتاڵ

بەرکەوتوویێکی چەکی کیمیایی کە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووجار لە ئێران نەشتەرگەریی گلێنەی چاوی بۆ کراوە، بەهۆی بەردەوامنەبوونی چاودێری، هەردووجار نەشتەرگەرییەکانی سەرکەوتوو نەبووە، ئێستاش لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوای بەڵێنێک لە حکومەت دەکات.
 
هەڵاڵە جەلال هەستی بینینی لاواز بووە و دوای نەشتەرگەرییەکانیشی نەبراوەتەوە لای پزیشک، بۆیە نەشتەرگەرییەکانی سەرکەوتوو نەبوون.
 
 هەڵاڵە قسە بۆ رووداو دەکات و باسی ئەزموونی خۆی لەگەڵ نەشتەرگەرییەکانی دەکات و دەڵێ "دەبوو بەلایەنی کەمەوە چوار بۆ پێنج جار سەردانی ئێرانمان بکردایەتەوە بۆلای پزیشک، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لێی نەپرسیوینەتەوە، هەر وەڵامیشمان نادەنەوە. ئەمجارەش ئەگەر دووبارە بمانبەنەوە، هەتا بەڵێنمان پێنەدەن، کە بۆ قۆناخەکانی دیکە دەمانبەنەوە، من ناچمەوە، چونکە ئەگەر هەر بمانبەن و دواتر لێماننەپرسنەوە، نەشتەرگەییەکەش سەرکەوتوونابێت. من لەرووی مادییەوە توانام نییە، ئەگەرنا خۆم دەچووم نەشتەرگەریم دەکرد".
 
لە ساڵی 2022، سێ کەسی دیکە لەگەڵ هەڵاڵە نەشتەرگەریی گلێنەی چاویان بۆ کراوە، بەڵام نەشتەرگەریی دووانیان سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە کۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە داواکارە بودجە بۆ قۆناخەکانی دوای نەشتەرگەرییش خەرجبکرێت.
 
 لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێ "لەبەرئەوەی چاودێری نەخۆشەکان نەبووە، چوار نەشتەرگەری گلێنەی چاو کراون، بەداخەوە سێ دانەیان سەرکەوتوو نەبوون و چاویان لەدەستداوە، بەڵام سێ کەسی دیکەی کە لەسەر ئەرکی خۆیان لە ئێران نەشتەرگەرییان کردووە، نەشتەرگەرییەکەیان سەرکەوتوو بووە، لەبەرئەوەی لەکاتی خۆیدا سەردانی پزیشکیان کردووەتەوە".
 
بۆ هەر نەشتەرگەرییەکی چاو، بڕی هەزار و 700 دۆلار تەرخانکرابوو.
 
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە پشتڕاستی قسەی قوربانییان دەکاتەوە و دەڵێ "هەندێک لە نەشتەرگەرییەکان سەرکەوتوونابن لەبەرئەوەی لەدەستی پزیشکەکاندا نییە، بەڵام ئەوەی ئێستا روویداوە، ئەگەر هۆکاری یەکەم نەبێت، هۆکاری دووەمە، کە پێویستبووە بچێتەوە بۆ لای پزیشکەکەی، بەڵام دواکەوتووە لەبەرئەوەی رەزامەندیی خەرجکردنی پارەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دواکەوتووە".
 
64 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی پێویستیان بە نەشتەرگەری گلێنەی چاو هەیە، بۆ تەنها یەک قۆناخ 262 ملیۆن دینار پێویستە و دەرخستەی بۆ کراوە، بەڵام هێشتا رێکارەکانی خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە تەواونەبوون، ئەگەر بودجە بۆ قۆناخەکانی دیکەش تەرخاننەکرێت، مەترسی دەبێت ئەمانیش هاوشێوەی ئەوانی دیکە نەشتەرگەرییەکانیان سەرکەوتوو نەبێت.