ئەنجەلینا جولی و نادیە موراد سەردانی شنگالیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
خانمە ئەکتەری نێوداری ئەمریکی ئەنجەلینا جولی و نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی شنگالیان کرد و دوای سێ کاژێر مانەوە لە هەولێرەوە بۆ ئەمریکا گەڕانەوە.
سەعید موراد، برای نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە رووداوی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 31-01-2023 خانمە ئەکتەری نێوداری ئەمریکی ئەنجەلینا جولی و نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتوونەتە شنگال و نەخۆشخانەی ئەو شارۆچکەیەیان بەسەرکردووەتەوە، کە ئێستا لە قۆناخی دروستکردندایە و 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
براکەی نادیە موراد گوتیشی، "ئەنجەلینا جولی و نادیە موراد سەردانی گوندی کۆچۆشیان کردووە، کە بڕیارە لەسەر ئەرکی رێکخراوی نادیە موراد گوندی کۆچۆی نوێ دروستبکرێت."
دوای سێ کاژێر مانەوە، ئەنجەلینا جولی و نادیە موراد لە هەولێرەوە بۆ ئەمریکا گەڕاونەتەوە.
ئەنجەلینا جولی، نوێنەری نیازپاكیی پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو بۆ كاروباری پەنابەران مانگی ئەیلوولی 2012 سەردانی باشووری كوردستانی كرد، بە مەبەستی بینینی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان. لە مانگی کانوونی دووەمی 2015ش سەردانی سنووری پارێزگای دهۆکی کرد و کەمپی ئاوارەکانی بەسەرکردەوە.
ساڵی 2015 ئەنجەلینا جولی لە کەمپی خانکێ لە شاری دھۆک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی رێکخست و گوتی، "خۆشحاڵم بە بەسەرکردنەوەی ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان، ئامانجی سەردانەکەم بۆ ھەرێمی کوردستان راکێشانی سەرنجی جیھانە لە کێشەی ئاوارەکانی ئەم ناوچەیە."
ئەنجەلینا جولی گوتیشی، "پێویستە نەھامەتییەکانی ئاوارەکان بەگشتی کۆتاییان بێت، ئەو کەسانەی لەدەست چەکدارانی داعش رزگاریان بووە، دەبێت یارمەتی بدرێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی زیاتریان بکات."
سینەماكار و دەرهێنەری نێوداری ئەمریكی، ئەنجەلینا جولی لەدایكبووی ساڵی 1975ـە، تائێستا خەڵاتی ئۆسكار و چەندین خەڵاتی هۆڵیوودی بەدەستهێناوە، بەشدارییەكی دیاری هەیە لە كارە خێرخوازییەكاندا لەبەر ئەوە بە كەسێكی كاریگەر دادەنرێت لە بواری كارە خێرخوازییەكاندا.
نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە تویتەر نووسیویەتی "گەڕانەوە بۆ ماڵەکەم لە گوندی کۆجۆ بە یاوەری ئەنجەلینا جولی و ناساندنیان بە هاوکارە رزگاربووەکانم، ئەزموونێکی کاریگەر بوو. شانازییەکی گەورەیە بۆ من هێزی گەلی ئێزیدی پیشانی جولی بدەم و چیرۆکی مانەوە و ئارامگرتنمانی بۆ بگێڕمەوە".
نادیە موراد دەڵێت، "سەردانەکەم، وەبیرخستنەوەیە بەوەی کارەکانمان لەپێناو داکۆکیکردن لە مافی کەمینەکان و ژنان لە شنگال و هەموو جیهان بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، ئەگەر بمانەوێ ئەو رووداوانەی بەسەر ئێزیدییەکاندا هاتووە زامنی دووبارە نەبوونەوەی بکەین، پێویستە سەرجەم هۆکارەکانی پشت ئەم کۆمەڵکوژیی و توندوتیژیی سێکسییانە چارەسەر بکەین. پشوو نادەین تا ئەو کاتەی هەموو ژنان و کچان و کۆمەڵگە لاوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە یەکسانی جێندەری و دەرفەتی خوێندن و ئابووری و مافی بڕیاردانی خۆیان سەبارەت بە ژیانیان و خێزانەکانیان شاد دەبنەوە".