نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی رابردوو لە هەرێمی کوردستان دیاریکرا


رووداو دیجیتاڵ 

بەرزترین نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی رابردوو لە دهۆکە و ئەمپێری 24 هەزار دینارە، لە سلێمانی نرخی ئەمپێر دەگاتە 23 هەزار دینار، لە هەولێریش دەگاتە 19 هەزار و 750 دینار، لە هەڵەبجەش زیاترە لە 17 هەزار دینار.
 
رۆژی چوارشەممە1-2-2023، قارەمان مەولوود، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ بە تەواویی کاژێرەکانی پێدانی موەلیدەیان کۆنەکردووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکات نرخی ئەو شوێنانەی لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا بەشێوەی 24 کاژێری کارەبای مۆلیدەیان هەیە ئەمپێری 19 هەزار و 750 دینار بێت.
 
قارەمان مەولوود گوتی، ئەو گەڕەکانەی لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا لە کاژێر 07:00ـی بەیانی بۆ کاژێر 01:00ـی شەو موەلیدەکانیان کاری کردووە، بەگوێرەی پێشبینییەکانیان ئەمپێری لەنێوان 16 هەزار و 500 دینار بۆ 18 هەزار و 500 دینار دەبێت. دەشڵێت: "هەندێک شوێنیشمان هەیە موەلیدەی کەمتریان کارپێکردووە ئەمپێری 12 هەزار و 750 دینارە." 
 
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو‌ موەلیدە ئه‌هلییه‌كان لەنێوان (305) بۆ (330) كاژێر كاریان كردووە و بەوەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان 17 هەزار و 750 دینار بۆ 19 هەزار و 250 دینار دەبێت.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی گوتیشی: "ئەو موەلیدانەی کە بەرنامەی کارکردنیان لە 07:00ـی بەیانی بۆ کاژێر 01:00ـی شەوە نرخی ئەمپێریان لە نێوان (21) بۆ (23) هەزار دیناردایە." 
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لای ئێمە وەکو هەموو مانگێک لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژیر موەلیدە کارپێدەکەین، بۆ مانگی رابردوو نرخی هەر ئەمپێرێک 24 هەزار دینارە." 
 
هەروەها پێشەوا حەیدەر، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی ئێمە نزیکە لە سلێمانییەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نرخی ئەمپێرمان دیاری نەکردووە، بەگشتی ئەمپێرێک زیاتر لە 17 هەزار دینار دەبێت." 
 
نرخی ئەمپێری مانگی پێشتر بەمشێوەیە بوو، لە هەولێر لەنێوان 13 هەزار بۆ 16 هەزار و 500 دینار، سلێمانی 13 هەزار و 250 دینار بۆ 16 هەزار و 500 دینار، دهۆک 19 هەزار و 500 دینار و لە هەڵەبجەش لەنێوان 16 بۆ 17 هەزار و 750 دینار بوو.