میدیای ئێران: کەرەستەکانی هێرشەکەی ئیسفەهان لە هەرێمی کوردستانەوە هێنراون
رووداو دیجیتاڵ
میدیایەکی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، ئەو درۆن و تەقەمەنییانەی لە هێرشەکەی سەر بنکەی بەرهەمهێنانی چەکی سەربازیی ئیسفەهان بەکارهێنراون، "لەلایەن هێزە دژبەرە کوردەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانەوە هێنراونەتە نێو ئێران." بەڵام بەرپرسێکی حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
ماڵپەڕی نوورنیوز، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە، ئەمڕۆ چوارشەممە 01-02-2023 رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن پارچەدرۆنی بەجێماو و تەقەمەنییەکانی هێرشەکەی سەر بنکەی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنیی ئیسفەهان، "لە لایەن هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن، بردراوەتە نێو ئێران و بۆ ئەو هێرشە سوودی لێوەرگیراوە."
بەپێی ئەو راگەیێندراوە، پارچەی ئەو درۆنانە و تەقەمەنییەکان، "دوای ئەوەی لەلایەن هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بردراونەتە نێو ئێران"، لە کارگەیەکی نێو ئەو وڵاتە لەلایەن کەسانی راهێنراوەوە کۆکراونەتەوە و بۆ هێرشەکە سوودی لێوەرگیراوە.
راگەیێندراوەکە باس لەوەش دەکات، "ئەو پارچە درۆن و تەقەمەنییانە لەسەر داوای دەزگایەکی سیخوڕی یەکێک لەو وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و لە سنوورەکانی رۆژئاوای باکووری ئێرانەوە، بردراونەتە نێو ئەو وڵاتە."
رەزا کەعبی، ئەندامی رێبەریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، "بە تووندی" رەتیکردەوە پەیوەندییان بە هێرشەکەی ئیسفەهانەوە هەبووبێت و دەڵێت: "لە دوور و نزیکەوە ئاگامان لەوە نییە لە باشووری کوردستانەوە کەلوپەلی درۆن بۆ ئێران چووبێت."
ماڵپەڕە ئێرانییەکە باسی لەوە کردووە: حکومەتی ئێران چەندین جار داوای لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە رێگە لە چالاکیی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرێت، بەڵام چالاکییەکانی ئەو هێزانە دەرخەری ئەوەن کە عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەو بارەوە نابن.
رەزا کەعبی دەڵێت: "ئەو پڕوپاگەندەیە شتێکی نوێ نییە، بەڵام لەم 5-6 مانگەدا جەختی زیاتری لەسەر کراوەتەوە هەمووشی بۆ ئەوەیە بوار بۆ تیرۆر و هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت."
شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیی رابردوو بە سێ درۆن هێرشکرایەسەر بنکەیەکی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی لە ئیسفەهان، دواتر بەرپرسانی ئێران هێرشەکەیان پشتڕاستکردەوە و گوتیان، هێرشەکە بێ زیان بووە.
لەو هەواڵەی ماڵپەڕی نوورنیوزدا ئاماژە بۆ چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە کراوە کە هاوینی ساڵی رابردوو لە ناوچەی ورمێدا دەستگیرکران و ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
رەزا کەعبی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەم هەواڵەی نوورنیوز مەترسی لەسەر گیانی ئەوانیش دروست دەکات."