لە باڵەکایەتی 21 سەر مانگا لە سەرما رەقبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی رەزانی شارۆچکەی گەڵاڵەی قەزای چۆمان 21 سەر مانگای گوندنشینێک مرداربوون و ڤێتەرنەری چۆمان رایگەیاند، بەهۆی سەرما و سۆڵەوە رەقبوونەتەوە.
 
سوارە ئەکرەم، قائیمقامی قەزای چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی دووشەممە 31/1/2022 لە گوندی رەزان 21 سەر مانگا مرداربوون و دەستبەجێ تیمی ڤێتەرنەرییان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە مرداربوونیان و دوای توێکاری و ئەنجامی تاقیگە دەرکەوتووە هیچ ڤایرۆسێکی ئاژەڵی نەبووە و هۆکاری مردنەکە سەرمایە.
 
سوارە ئەکرەم راشیگەیاند، هەموو ئەو مانگایانە هی کەسێکی گوندەکە بوون و مانگا و ئاژەڵە ماڵییەکانی دیکەی گوند کێشەیان نییە و پزیشکی ڤێتەرنەری نموونەی ئەو ئاژەڵانەشی بردووەتە تاقیگە.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، نزمترین پلەی گەرمی لە چۆمان پێنج پلە ژێر سفر بووە.