رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەی جەنگیی تورکیا کەمپی مەخموور و سنووری چیای قەرەچووخی بۆردوومانکرد.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ-مەخمووری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:00ی ئەمشەو سێشەممە فڕۆکەی جەنگی دەوروبەری کەمپی مەخموور و سەنگەرێكی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە سنووری چیای قەرەچووخ بۆردوومانکردووە.
هاوکات رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆردوومانەکە کەمپی ئاوارەکانی مەخمووری گرتووەتەوە و، بۆمب بەر ناو کەمپەکە و چیاکەی نزیکی کەوتووە. پێدەچێت فڕۆکە بن و هێشتا زیانەکانی نەزانراون".
لەلایەکی دیکەوە خودێدا چووکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 10 بۆ 10:30ـی ئەمشەو چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ناوچەکانی باب شلۆ، چلمێرا و بارایان لە نزیک چیای شنگال بۆردوومانکردووە".
هەروەها سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگیی تورکیا نزیک شاری دێرکی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کردووە. دەشڵێت، هاوکات لە شنگال و مەخمووریش فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانیان کردووە.
لەبارەی ئامانجی فڕۆکەکانەوە، ئەو سەرچاوە خۆجێییە رایگەیاند، وێستگەی چواری کارەبایان کردووەتە ئامانج کە بنکەی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە- و هەسەدەی تێدایە، لە ئەنجامدا دوو ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە- بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی دێرک کراون.
وێستگەی کارەباکە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی تەقەل بەقەل و بروج لەسەر رێگەی سێمالکا لە سنووری نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ