رووداو دیجیتاڵ
دوای بەرنامەی "بە کاتی دهۆک"ی رادیۆی رووداو، کە تایبەت بوو بە زیادبوونی ژمارەی قومارخانەکان لە دهۆک، پۆلیسی دهۆک هەڵمەتێکی دەستپێکرد و 10 قومارخانەی داخستن و 16 قومارچیشی دەستگیرکردن.
مقەدەم هێمن سلێمان، گوتەبێژى پۆلیسى دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە دهۆک رایگەیاند هەفتەی رابردوو لێژنەیەکى تایبەت لە هێزە ئەمنییەکان پیکهێنرا، بۆ بەدواداچوونى ئەو شوێنانەى قوماری تێدا دەکرێت لە هەڵمەتێکدا پۆلیسى پارێزگاى دهۆک تاوەکو ئێستا 10 شوێنى قومارکردن داخراون و 16 کەسی دیکەشی بە تۆمەتى قومارکردن و بەکارهێنانى شوێنى خۆیان بۆ قومارکردن دەستگیرکراون.
گوتەبێژى پۆلیسى دهۆک ئاماژەی بەوەدا تۆمەتبارەکان بەپێی مادە 389 لە یاسای سزاکانی عێراق دۆسیەیان بۆ دەکرێتەوە.
هێمن سلێمان دەڵێت هەڵمەتەکەیان بەردەوام دەبێت، هەر شوێنێک قوماری تێدا بکرێت دادەخرێت و قومارچییەکان و شوێنەکەش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەرنامەی بە کاتی دهۆک، کە هەموو رۆژانی چوارشەممە لەلایەن ناسر عەلی، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی تۆڕی میدیایی رووداو لە رادیۆی رووداو پێشکەش دەکرێت. رۆژی 13-1-2021 بەرنامەیەکى تایبەتی لەسەر زیادبوونى شوێن قومارکردن لە دهۆک کرد و ئاشکرای کرد، نزیکەى 50 شوێنى قومارکردن لە پارێزگاى دهۆک هەن.
هەر لەو بەرنامەیەدا چیرۆکى بەشێک لەو کەسانەى بەهۆى قومارکردن دەیان هەزار دۆلاریان لەدەستداوە ئاشکراکران. بەرنامەکە لە سۆشیاڵمیدیا و میدیای دهۆکدا دەنگی دایەوە. لە دوای بەرنامەکە هەڵمەتی پۆلیس بۆ داخستنی قومارخانەکان و دەستگیرکردنی قومارچییەکان دەستیپێکرد.
بەرنامەی بەکاتی دهۆکی رادیۆی رووداو لەبارەی قومارخانەکان:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ