پەیامی سیاسییەکانی کورد لە یەکی شووبات: یەکڕیزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە 1-2-2021، لە ساڵڕۆژی تەقینەوەکانی هەردوو بارەگای لقی 2ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی 3ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 1ـی شووباتی ساڵی 2004 بەشێک لە سیاسییەکانی کورد تاجە گوڵینەیان لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدانی 1ی شوبات لە هەولێر دانا.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون بەناوی کابینەی حکومەت و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، تاجە گوڵینەی لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بەناوی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێز کاک مەسرور بارزانی و کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ تاجە گوڵینەمان لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدان دانا، ئەو شەهیدانەی بوونە قوربانی ئاشتی و ئارامی هەرێمی کوردستان. دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی گەلی کوردستانیش بەری رەنج و خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان و خوێنی شەهیدانە".
بە گوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەبەر پارستنی تەندروستی خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی کەسوکاری قوربانیان رێوڕەسمێکی فراونتریان نەکرد.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، گوتیشی: "ئێمە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون هەمیشە ئەو یادە بەرز دەنرخێنین و رێز و ستایشی گەورەشمان هەیە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، ئومێدەوارین بتوانین لە رەوشێکی گونجاو لە ساڵانی داهاتوودا ئەو یادانە بە سەربەرزییەوە بکەینەوە".
هەر لە میانی رێوڕەسمەکە لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، گوتی: "رێکار و میکانزمی گونجاومان گرتووەتەبەر، وێڕای یاسای چاکسازی و تەبەنیکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رێنماییەکیش دەرکراوە، رێنمایی تازەشمان هەیە".
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون گوتیشی: "چاکسازی رێگا و مەجرای خۆی گرتووەتەبەر، پشتیوان بە خودا لە داهاتوودا ئەنجامی باشی دەبێت، تەنیا رێکخستنەوەیە، چاکسازی بۆ ئەوەیە دادپەروەری بهێنێتە ئاراوە لە هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە بابەتی دواکەوتنی گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود هۆکارەکەی بۆ "بارودۆخی کۆرۆنا" گەڕاندەوەو گوتیشی: "لە داهاتوودا بەرنامەمان هەیە بۆ هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراون".
لە میانی رێوڕەسمەکەدا هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت، بە یاوەری جێگری پارێزگار ، قایمقامی ناوەندی هەولێر ، قایمقامی قەزای سۆران و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر، تاجە گوڵینەی پارێزگای هەولێری لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدانی 1ی شوبات دانا.
هێمن قادر بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن قسەی کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر هاتین وەفای خۆمان بۆ ئەو شەهیدانە دەرببڕین، سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاری خەڵکی کوردستان و شەهیدانی یەکی شوبات و شەهیدانی شەڕی داعش".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی و یەکێک لە بریندارەکانی تەقینەوەکە، بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن قسەی کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند: "جارێکی دیکە لێرە کۆدەبینەوە بۆ رێزلێنان و ناردنی سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی 1ی شوبات و هەموو شەهیدانی کوردستان، بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی و بۆ رزگاربوون لە دیکتاتۆریەت و فاشیەت و تاریکی تیرۆریستان، هاتووین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەڵێن بدەینەوە بە شەهیدان لەسەر رێبازی ئەوان خەبات بەردەوام دەبێت تاوەکو کوردستان بە تەواوەتی رزگاری دەبێت، جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم، ئومێد دەکەم ئەو یادە بکەینە رێگایەک بۆ پاراستنی یەکڕیزی خۆمان تاوەکو سەرکەوتنی یەکجارەکی".
لە وەڵامی رۆژنامەڤانانیشدا لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و گرنگی یەکڕیزی کورد لەو پێناوە، عەدنان موفتی گوتی: "هەموو کاتێک یەکڕیزی گەلەکەمان پێویستە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین ئەگەر یەکڕیزی هەبووبێت و هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان یەک بووبێت سەرکەوتنی بەدواداهاتووە، باشترین نموونەش راپەڕینی ساڵی 1991ـە، کە بەرەی کوردستانی هەبوو، یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی هەبوو، سەرکەوتنی گەوەری بەدەستهێنا. ئەو کاتانەش کە لێکترازاوین و ناکۆکی هەبووە، بەداخەوە هەندێکجاریش شەڕیش هەبووە، دوژمنان سوودیان لەو ناتەباییە وەرگرتووە و توانیویانە درزێک پەیدا بکەن و سەرکەوتن بۆخۆیان بەدەست بهێنن".
عەدنان موفتی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لەمڕۆدا لە هەموو کاتێک بە پێویستتر دەزانێت و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ناوچەکە مەترسیدارە، نەگەیشتن بە رێککەوتن لە بەغدا ناخۆشی دێتە پێش، گرژی و ناکۆکی لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێیەکانمان هەیە، بەشێک لە کوردستان داگیرکراوە، ناوچە دابڕێندراوەکان هێشتا لەژێر ناکۆکی جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 هەر بەردەوامە، بۆیە دەبێت پێش هەموو شتێک یەکڕیزبین لە گفتوگۆیەکانمان لە بەرامبەر بەغدا بۆ چەسپاندنی مافی گەلی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانمان".
هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ رووداو قسەی کرد و بەپێویستی زانی رووداوەکەی 1ی شووبات بکرێتە وانەیەک بۆ کادیری هەموو حیزبەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی "کە دووژمنانی گەلەکەمان لەبەرامبەر لایەنە سیاسییەکان جیاوازی ناکەن، بە یەک چەک دەست لە هەموویان دەوەشێنن. بۆیە پێویستە ئەمڕۆ هەوڵی ئەوە بدەین کە یەکڕیز و یەکگرتوو بین، دوور بکەوینەوە لەوەی لە برینە کۆنەکان بکۆڵێینەوەو قەتماخەکان لابدەین".
سەعدی پیرە بەپێویستیشی زانی "پشتیوانی لە تیمەکانی خۆمان بکەین، هەوڵی ئەوە بدەین بەرپرسیاریێتی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان بپارێزین و 1ی شووبات بکەینە هەوێنی یەکگرتنمان و وانەیەک بۆ هەموو ئەوانەی کە بەداخەوە زۆرجار بە هەڵە تێدەگەن، راستە وەک لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێمان لەنێواندا هەیە، بەڵام دووژمنی یەک نین و لە یەک سەنگەرین، دووژمنەکەمان دیارە ئەوەی لە 1ی شووبات دەستی وەشاند".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵێ: "پێویستە هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانماندایە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر لەسەر بنچینەی رێزگرتن و بەرپرسیاریێتی بەرامبەر".
هەروەها شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدانی 1ی شووبات لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، رووداوەکەی 1ی شووباتی بە کارەساتێکی گەورە ناوبرد "کە ژمارەیەکی زۆر لە کادیر و فەرماندەو تێکۆشەرەکانی میللەتەکەمان لەدەستدا، لەڕاستیدا ئەو کۆمەڵە تێکۆشەرە، مێژوویەکیان هەبوو لە خەباتی نەتەوەکەمان".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتیشی: "میللەتی ئێمە مێژووێکی پڕ لە خوێناوی و رابردووێکی ناخۆشی هەیە، هەمیشە میللەتێکی کۆڵنەدەر و تێکۆشەرو خۆڕاگربووە لە پێناوی بەدەستهێنانی مافە رەواکانمان".
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی جموجۆڵی چەکدارانی داعش و مانەوەی مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "مەترسی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەمنیەتی کوردستان پارێزراوە، مەترسی داعش لە شوێنی خۆیەتی، پرسی تەعریبکردن و هاتنەوەی عەرەبەکان بۆ داگیرکردنی ماڵە کوردەکان بەردەوامە".
17 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژى 1ـی شوباتى ساڵى 2004 لە دوو کردەوەى خۆکوژیدا لە هەردوو لقى 2ـى پارتى دیموکراتى کوردستان و مەڵبەندى 3ـى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە شارى هەولێر زیاتر لە 100 هاونیشتمانی کوردستان شەهیدبوون و بە دەیانی دیکەش برینداربوون، شەهیدەکانیش پێکهاتبوون لە بەرپرسانی حکومى و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و ئەندامانى هەردوو حزب و ژمارەیەک لە خەڵکی سڤیلی کوردستان.
کەمال محەممەد ساڵح وەزیری کارەبا
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان