لە سلێمانی پێنج یانەی شەوانە داخران

01-02-2019
فەلاح نەجم
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکانی گەشتوگوزار، پێنج یانەی شەوانە داخران. 

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بە هاوكاری هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لەسنووری گەڕەكی سەرچنار ئەنجامدا و لەو هەڵمەتەدا پێنچ یانەی شەوانە داخران كە پابەند نەبوون بەڕێنماییەكانی گەشتوگوزاری سلێمانییەوە و خاوەنەكانیان رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.



گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو هەڵمەتەدا دەستیش بەسەر چوار دەمانچە و چەندین چەقۆ و بۆكس خەنجەردا گیرا و ئێستا خاوەنی دەمانچەكان بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 21ـی چەك دەستبەسەرن.

سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەشکرد، هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی كافتریا و یانە شەوانەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوام دەبێت و هەركەسێك سەرپێچی یاسا یان رێنماییەكانی گەشتوگوزاری سلێمانی بكات دەستگیردەكرێت و رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە