کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان

01-01-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک رایگەیاند، لەساڵی 2024 دا زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارە لە کامپەکانی دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و پرۆسەکەش بەردەوامە. 
 
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دهۆک لە پۆدکاستی مژاری تۆڕی میدیای رووداو رایگەیاند، راگرتنی بڕیاری داخستنی کەمپەکان بەردەوامە. ئێستا هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
 
حکومەتی عێراق 31ـی تەممووزی 2024ـی دیاریکردبوو بۆ داخستنی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام داخستنی کەمپەکان لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک راگیراوە.
 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک گوتی: حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە قۆناخی یەکەم نزیکەی چوار هەزار خێزانی تۆمارکردبوو بۆ ئەوەی هاوکاری دەرچوون لە کەمپەکان وەربگرن، بەڵام نزیکەی دوو هەزار خێزان چەکی پارەیان بۆ خەرج نەکرا.
 
بەگوتەی پیر دەیان، دوای ئەوەی شاندێکی نووسینگەی راوێژکاری سەرۆکوەزیران سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی کرد، هەموو بابەتەکانیان بۆ روونکرایەوە بەوەی پێویستە زەمینەسازی بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بڕیاری داخستنی کەمپەکان راگیرا.
 
لەسنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، 20 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، 15 کامپی ئاوارە هەن کە 21 هەزار و 875 خێزانیان تێدایە، بەڵام بەشی زۆری ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکانن کە نزیکەی 35 هەزار خێزان دەبن.
 
لەبارەی کامپی پەنابەران، ئاماژەی بەوەکرد، پێنج کەمپی پەنابەران لە پارێزگای دهۆک هەن کە نزیکەی 12 هەزار خێزانیان تێدایە و ئەویش هاوشێوەی ئاوارەکان بەشی زۆری پەنابەران لە دەرەوەی کامپ دەژین.
 
پیردەیان جەعفەر دوایین ئاماری گەڕانەوەی ئاوارەکانی لە ساڵی 2024 ئاشکرا کرد و گوتی: "ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار خێزان گەڕانەوە زێدی خۆیان، بەڵام زۆربەیان پەشیمان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە کەمپەکان."
 
زیاتر لە دوو ساڵە، دابینکردنی بودجەی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەمپەکان کەوتووەتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت: " دوو ساڵە پاڵپشتی رێکخراوە مرۆییەکان 70٪ کەمیکردووە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ بودجەیەکیان بۆ کامپەکان نەبووە و ئەوەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر هەرێمی کوردستان دروست کردووە."
 
بەگوتەی پیر دەیان پیر جەعفەر، دوو ساڵە هەر پێنج سێکتەری خزمەتگوزاری؛ ئاوی خواردنەوە، کۆکردنەوەی زبڵ و پاککردنەوە، پەروەردە، تەندروستی و کارەبا لە کەمپەکاندا حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیان بۆ دابین دەکات.
 
بڕیاربوو حکومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە مانگانە دوو سەبەتەی خۆراک بەسەر کەمپەکاندا دابەش بکات، بەڵام پیر دەیان جەعفەر دەڵێت: "ئەم ساڵ تەنیا چوار سەبەتەی خۆراکی دابەشکردووە."
 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شنگال پەیوەندی بە رووداو کردووە و دەڵێت، "ئاوارەین لە دهۆک و ماوەی چەند ساڵێکە نەوتمان پێنەدراوە". بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگاکەش دەڵێت، نزیکەی 35 هەزار خێزان لە دەرەوەی کامپەکانن لە 2017ـەوە یەک لیتر نەوتیان پێنەدراوە، لە نێو کامپەکانیش پرۆسەکە زۆر درەنگ دەستیپێکردووە، ئێستا لە بەشێک لە کامپەکان دابەشکراوە و لە قۆناخی یەکەم هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی پێدەدرێت، نزیکەی هەشت هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سرووشتی سەردەشت.

پاراستنی ژینگەی سەردەشت: هەوای سەردەشت پیس نییە

پاراستنی ژینگەی سەردەشت رەتیدەکاتەوە هەوای ئەو شارە رۆژی هەینی لە ئاستی ئێراندا پیسترین بووبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵەی لەبارەی مەترسیداربوونی هەوای سەردەشت بڵاوبووەتەوە، راست نییە.