رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چەند ناوەندێکی نزیکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە سلێمانی داخست.
بەپێی میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، رۆژی سێشەممە، 31.12.2024، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چەندین ناوەندی کولتووری، رێکخراو و میدیاییان داخستووە بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی دادگەیان پێبێت.
هاوکات سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لەژێر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، چەند ناوەند و رێکخراوێکمان داخست کە وادەی مۆڵەتی کارکردنیان تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بووە و ئەمڕۆ مۆڵەتەکەیان تەواوبووە."
بەپێی زانیارییەکان، ناوەندەکانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد، کۆمپانیای نوگار و مارزیا، کۆمپانیای گزینگ کە بۆ ژن تیڤی کاردەکات، داخراون.
رۆژی 6ـی ئابی ئەم ساڵیش، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، هەر سێ پارتی پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی و پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا بارەگاکانیان دابخرێن و دەست بەسەر داراییان دا بگیرێت.
ئەو سەرچاوەیەی ئاسایشی سلێمانی گوتیشی، "داخستنی ئەو ناوەندانە پێویستی بە رێگەپێدانێکی دیکەی دادوەر نەبووە، چونکە ئێمە پێشتر بڕیارەکەمان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق وەرگرتووە، داخستنیشیان تاوەکو ئەوکاتە دەبێت کە مۆڵەتەکەیان لە بەغدا نوێ دەکەنەوە."
کۆمپانیای گزینگی بەربەیان کە بەرنامە بۆ ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت، راگەیێندراویکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "رۆژی 31ـی کانوونی یەکەم، کە رۆژی کۆتایی ساڵە، لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە حکومەتی ناوەندیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی سلێمانی تێیدا بەشدارن، بەبێ بوون و پیشاندانی نووسراوێکی فەرمی و ئاگادارکردنەوە، بڕیاری داخستنی کۆمپانیای گزینگی بەربەیانی درا."
کۆمپانیاکە دەڵێ: "سەرەڕای ئەوەی ئەم بڕیارە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دراوە، ئێمە بڕیاری راگرتنی کارەکانمان رەتدەکەینەوە و قبووڵی ناکەین. ئەم بڕیارە پێشێلکردنی ئازادیی رۆژنامەڤانییە لە هەرێمی کوردستان و نیشانەی بیرکردنەوەیە لە شکاندنی ئیرادەی ژن، ناسنامە و بوونی ژن."
ئەم بڕیارانە لەسەر بنەمای سکاڵای راوێژکاریێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بوو، بە تۆمەتی "پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی قەدەخەکراو و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق."
لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق دا هاتووە "بەگوێرەی مادەی 25/ یەکەم و سێیەم لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 36ـی ساڵی 2015، نابێ پارتە سیاسییەکان پەیوەندیی رێکخراویی، یاخود داراییان لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناعێراقیدا هەبێ، یان ئاراستەی چالاکی حیزبییان لەسەر بنەمای فەرمان، یاخود ئاراستەی هیچ دەوڵەتێک، یان لایەنێکی دەرەکی بێ، نابێ هاوکاری پارتێکی سیاسی بکات، کە دەوڵەت قەدەخەی کردووە، یاخود ئەو پارتە ئەجێندای وڵاتێکی دیکە جێبەجێ بکات، بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ