رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاونیشتمانییانی ناحیەی دینارتە لە سنووری پارێزگای دهۆک گلەیی لە کەمیی کارەبای نیشتمانی دەکەن. بەڕێوەبەری کارەبای شارۆچکەکە دەڵێت: "ماوەیەکە کارەبا زۆر خراپە"، بەڵام ئەو کێشەیە تەنیا لای ئەوان نییە و لە هەموو پارێزگای دهۆک وایە.
رۆژی چوارشەممە، 01ـی کانوونی دووەمی 2025، زریان ئەحمەد، دانیشتووی گوندی نەهلە لە ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ بە رووداوی گوت: "لە دەڤەرەکەمان کارەبا زۆر خراپە. کاژێرێک هەمانە و 7 بۆ 8 کاژێر نیمانە، تەنانەت ئاوی گەرممان لە ماڵەوە نییە".
زۆرینەی دانیشتووانی سنووری ناحیەی دینارتە هەمان گلەییان هەیە. ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "پێرێ نزیکەی 20 کاژێر کارەبامان نەبوو. لە کاژێر 04:00ی ئێوارەوە کارەبامان نەبوو تاوەکو 12ـی نیوەڕۆی رۆژی دواتر."
ئەسعەد محەممەد، بەڕێوەبەری کارەبای دینارتە بە رووداوی راگەیاند: "مانگێکە لە هەموو پارێزگای دهۆک کارەبا کەم بووە و تەنیا لە دینارتە بەو جۆرە نییە. کۆنترۆڵ لەدەستی ئێمە نییە، بەڵام بەشێکیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هەندێک لە ناوچەکان زۆر دوورن لە بگۆڕەکانی کارەبا و کارەبایان بە کەمی و لاوازی پێدەگات."
بەڕێوەبەری کارەبای دینارتە گوتیشی: "لە رۆژێکدا 5 بۆ 6 کاژێر کارەبا هەیە. کاژێرێک یان دوو کاژێر هەیە و نزیکەی 8 کاژێر نییە."
هاوکات عەونی مەلا ئیبراهیم، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبا لە ئاکرێ بە رووداوی گوت: "ئەم کێشەیە تەنیا لە پارێزگای دهۆک نییە، بەڵکو لە هەموو هەرێمی کوردستان کارەبا کەمی کردووە، بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و زیادبوونی خواستەوەیە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبا لە ئاکرێ، "هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستمی کارەبادا نییە، بەڵکو توانای بەرهەمهێنان هەر ئەوەندەیە."
لە هەرێمی کوردستان 3,500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاواتە. ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ