کوردستان
سەربازانی فینلاندی لەکاتی راهێنانی هێزێکی پێشمەرگە لە نزیک هەولێر لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019، وێنە: Puolustusvoimat
رووداو دیجیتاڵ
سوپای فینلاند کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش هێنا و سەرجەم سەرباز و راوێژکارەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کشاندەوە.
رۆژی سێشەممە 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، ژەنەرال کاری نیسولا، جێگری سوپاسالاری سوپای فینلاند رایگەیاند، هێزی تایبەتی وڵاتاکەی کە ژمارەیان نزیکەی 70 سەرباز بوو، کۆتایی بە ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هێنا و رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەم گەڕاونەتەوە فینلاند.
ژەنەراڵ نیوسولا دەڵێت "دەمەوێت سوپاسی ئەو سەربازانە بکەم کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەشداریان لەو ئەرکە سەربازییەدا کردووە و ئەو ئەرکەی ئێوە لەو دۆخە زەحمەتەدا کردووتانە، بەرهەمدار بووە و مایەی ستایشکردنە."
فینلاند لە ساڵی 2014 و لەگەڵ پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا، بووەتە ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە و لە ئابی هەمان ساڵدا نزیکەی 50 سەرباز و راوێژکاری رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و، مەشق و راهێنانیان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرد.
بەگوێرەی سوپای فینلاند، لە 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی 1000 سەرباز بەشدارییان لە ئەرکە سەربازییەکەی سوپای فینلاند لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کردووە و زۆربەی ئەوانەشی بەشدار بوون، سەربازی یەدەگی سوپا بوون.
ژەنەرال سامی ئانتی تاکاما، سوپاسالاری فینلاند رایگەیاند "کاریگەریی راهێنانەکانی فینلاندییەکان لە توانای ئەو هێزانە دەبینرێن کە مەشقیان پێکراوە، ئەمەش گرنگە بۆ ئاسایشی درێژمەودای ناوچەکە. زۆربەی پێشمەرگەکان هێشتا ئەو راهێنانەیان لەبیرە کە ئێمە پێمانکردن و هەموو جارێکیش کە دەمانبینن، ئەوەمان پێدەڵێن."
سوپای فینلاند رایگەیاندووە، هەرچەندە ئەرکە سەربازییەکەیان تەواو بووە، بەڵام لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ هاوکاری و پتەوکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ