سەکۆى ئەلیکترۆنى بۆ حەواڵەى دۆلار راگیرا

01-01-2025
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بانکى ناوەندیى عێراق کارکردنى سەکۆى ئەلیکترۆنى بۆ فرۆشتنى دۆلار بۆ حەواڵەى دەرەکى راگرت، بەڵام بۆ فرۆشتنى نەختینەیی دۆلار بە گەشتیاران بەردەوام دەبێت.
 
1ـی کانوونى دووەمى 2025، ئەو بانکە لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، "سەرکەوتوو" بووە بە پابەندبوون بەو بەرنامەیەی دانراوە کە پەیوەندیدارە بە حەواڵەى دەرەکى لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى بۆ بانکە عێراقییەکان و لە رێگەى بانکە نێرەرەکانەوە، ئەو هەنگاوەش بەشێوەیەکى تەواوەتى لە کۆتایی ساڵى 2024 جێبەجێکرا.  
 
لەمەودوا کۆمپانیاکان لە عێراق لە برى داواکردنى کڕینى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنیی بانکى ناوەندى، ئەو کارە لە رێگەى پێنج بانکەوە دەکەن کە بریتین لە بانکەکانى ئەهلى عێراقى، ئەبوزەبی ئیسلامى، تى بی ئاى، بەغدا و مەنسوور. 
 
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تەنیا نزیکەى 5%ى حەواڵەى دەرەکى مابوو کە لە دەرەوەى سەکۆى ئەلیکترۆنى بکرێت، ئەو پێنج بانکە لەگەڵ دوو بانکى ئەمریکى مامەڵە دەکەن بۆ حەواڵەى دەرەکى لە برى سەکۆى ئەلیکترۆنیی بانکى ناوەندى و لەلایەن کۆمپانیاى (K2) وردبینى حەواڵەكان دەکرێت."
 
زۆرترین خستنەڕووى دۆلارى بانکى ناوەندى بۆ حەواڵەى دەرەکیى کۆمپانیاکانە کە کاڵا هاوردە دەکەن. ساڵى رابردوو ئەو بانکە زیاتر لە 60 ملیار دۆلارى فرۆشتووە، زیاتر لە 93%ى بۆ حەواڵەى دەرەکى بووە.
 
میدیاى فەرمیى عێراق لەسەر زارى عەمار خەڵەف، جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندی رایگەیاندووە، کارکردن بە میکانیزمى سەکۆى ئەلیکترۆنى بۆ حەواڵەى دەرەکى راگیراوە، بەڵام فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران بەو میکانیزمە بەردەوام دەبێت.
 
داواکردنى کڕینى دۆلار بۆ گەشتیاران کە سێ هەزار دۆلارە بۆ هەر گەشتیارێک، لە رێگەى بانکەکانى رافیدەین، رەشید، تى بی ئاى و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو دەبێت.
 
ساڵى 2023 داواکاریى کڕینى دۆلار لە عێراق بۆ بازرگانیى دەرەکى و گەشتیاران، لە رێگەى ئەو سەکۆیە بوو، لە دواى وردبینیکردن، بانکى ناوەندى رەزامەندى لەسەر حەواڵەکە دەدا.
 
بانکى ناوەندى دۆلارێک بە 1310 بە بازرگانان و بە 1305 دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت لە کاتێکدا بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلارێک لە بازاڕى نێوخۆیی 1500 دینارە.
 
لە راگەیێندراوەکەى بانکى ناوەندى هاتووە، هەژمارى دیکە جگە لە دۆلار بۆ بانکە نێرەرەکان دەکرێنەوە بۆ بازرگانیى دەرەکى، کە بریتین لە روپیەى هیندى، یوانى چینى، درهەمى ئیماراتى، ریاڵى سعودى، دینارى ئوردنی و یۆرۆ.
 
مامەڵەى بازرگانیى کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەو دراوانەى دیکە بۆ بازرگانیى دەرەکى، لەسەر بنەماى نرخى فەرمى دەبێت کە کەمترە لە بەهاکەى لە بازاڕى نێوخۆیی.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چاندنی گەنم لە سنووری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

هێشتا لە هەولێر و دهۆک 'پەڵەی نەداوە' و ئەگەری زۆرە زیان بە بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ بگات

جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر و دهۆک بەتایبەتی لەنێوان بەرداشی کەمبارانی و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق تایبەت بە وەرگرتنی گەنمدان. بەگوێرەی شارەزایان و لایەنی پەیوەندیدار، خەریکە وادەی چاندنی گەنم کۆتایی دێت و هێشتا لە هەولێر و دهۆک پەڵەی نەداوە