رووداو دیجیتاڵ
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە پلانی دایە ئەم ساڵ زیاتر لە 200 هەزار دار و گوڵ بچێنێت، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی رێژەی سەوزایی.
رۆژی چوارشەممە، 01ـی کانوونی دووەمی 2025، رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە بەرنامەماندایە ئەم ساڵ زیاتر لە 100 هەزار دار بچێنین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادبوونی رێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، هەروەها 100 هەزار گوڵیش پچێنین بۆ جوانبوونی سیمای شار."
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتی، "لە 14ـی ئادارەوە دەست بە چاندنی دار و گوڵ دەکەین، هەوڵدەدەین تاوەکو کۆتایی ساڵ زیاتر لە 200 هەزار بچێنین."
بە گوتەی رێبین ئەحمەد: "بەشێکی زۆری ئەو دارانە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەچێندرێن. بەشێکی دیکەش بەسەر قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوتەکاندا و شارەوانییەکانی دیکە دابەشدەکرێن و ئەوانیش دەیڕوێنن."
سەبارەت بە سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، رێبین ئەحمەد گوتی: "ساڵی 2024 رێژەی سەوزایی لە پارێزگاکە 0.5 و لە پێنج ساڵی رابردوودا 2.5٪ زیادی کردووە، واتە رێژەکە گەیشتووەتە 20٪، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانی کە 30٪یە."
ساڵی رابردوو لە مانگی ئادارەوە دەست بە چاندنی دار و گوڵ کرا، لە مانگی تشرینی دووەمدا کۆتایی هات، توانرا 200 هەزار دار و گوڵ لە پارێزگاکە بچێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ