یەکێتیی زانایان: لە ساڵی 2023دا 40 مامۆستای ئایینی لە هەرێمی کوردستان کۆچی دواییان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، ساڵی رابردوو 40 مامۆستای ئایینی کۆچی دواییان کردووە و بەشێکیان بە نەخۆشی و بەشێکیشیان بەهۆی تەمەن و رووداوەکانی هاتووچۆ بووە؛ لە ماوەی سێ ساڵیشدا 179 مامۆستای ئایینی کۆچی دواییان کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 01-01-2024 عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان 40 زانا و مامۆستای ئایینی کۆچی دواییان کردووە، کە تەمەن، نەخۆشی و رووداوەکانی هاتووچۆ سێ دیارترین هۆکارەکانی مردنی ئەو مامۆستایانە بووە."
 
بەپێی ئاماری ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە، کە خاوەنی نزیکەی 5000 ئەندام دەبێت، لە ساڵی 2022دا 46 مامۆستای ئایینی و ساڵی 2021یش 93 مامۆستای ئایینی کۆچی دواییان کردووە.
 
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوەش دا، بەتەمەنترین مامۆستای ئایینی لە ساڵی 2023دا کۆچی دوایی کردبێت، مامۆستا عەبدوڵڵا قەڵاتی بوو، کە تەمەنی 102 ساڵ بووە.