رووداو - هەریر
دوای 100 ساڵ لە بەناحیەبوون و یەک ساڵ لە بەقەزابوونی، یەکەم پارک لە هەریر دروستکرا و هاونیشتمانییانی ئەو شارە لە رۆژی یەکەمدا بە کۆمەڵ چوونە نێو پارکەکە. منداڵانی هەریریش بە راکردن چوونە نێو پارکەکە کە بۆ لەمەودوا دەتوانن لەجیاتی سەر جادە و کۆڵان، لە ژینگەیەکی خاوێن یاری بکەن.
پارکەکە دیاریی نێچیرڤان بارزانییە بۆ هاونیشتمانییانی ئەو شارە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "بە دیزاینێکی زۆر جوان و بە گوژمەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار ئەو پارکە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان و ئومێدمان وایە هاووڵاتییانیش سوودی لێ ببینن و پارێزگاریی لێ بکەن، لێرەوە بەناوی پارێزگای هەولێر سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی دەکەین کە بودجەی دروستکردنی ئەو پارکە لەسەر ئەرکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بووە. هەروەها وەکو پاڵپشتییەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەکو بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی لە سنووری پارێزگای هەولێر و وەکو دیارییەکیش بۆ هاونیشتمانییانی هەریر."
پارکی هەریر لەسەر رووبەری 12 دۆنم زەوی دروستکراوە، بە 21 جۆری دار و زیاتر لە 50 جۆر لە گوڵ و گوڵزار رازێندراوەتەوە.
بێوار عەدنان، سەرۆکی شارەوانیی هەریر گوتی، "هەموو ئەو شتانەی پێویستن بۆ خێزان، بۆ منداڵ و گەورە لەناو پارکەکە هەن، نافورەی تێدایە و سێتی یاریی منداڵانی تێدایە، گەراجێکی باشیشی تێدایە و رێژەی سەوزایی بە شێوەیەکی باش لە پارکەکە شوێنی بۆ کراوەتەوە."
هاونیشتمانییانی هەریر بە کردنەوەی پارکەکە دڵخۆشن، سەرەتای ساڵ بۆ ئەوان سەرەتای ساڵێکی جیاوازە، نزیک لە ماڵەکانیان بۆ لەمەودوا ئەو پارکە دەکەنە شوێنی پشوودان و بەسەربردنی کات.
نوژدار ئەرشەد، هاونیشتمانیی هەریر دەڵێت، "پێویست ناکات بچینە کافتریا و شوێنەکانی دیکە، ئێرە کراوەتەوە و لەمەودوا دێینە ئێرە." کنێر دلێر، هاونیشتمانییەکی دیکەی هەریرە و گوتی، "پێشتر هاونیشتمانییانی هەریر دەچوونە دەرەوەی شار، شتێکی ناخۆش بوو بۆ خەڵک هەم لە باری دارایی و هەم لەبەر رێگەوبان، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا پارکمان بۆ کراوەتەوە."
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی چرا رۆستەم ئاماژەی بەوە کرد، "وەکو خەڵکی هەریر، زۆر زۆر دڵخۆشم، چونکە هیچ شوێنمان نەبوو لە هەریر بچین بۆ گەشتوگوزار و پشوودان، بەڵام ئێستا کە لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێ پارک کرایەوە، دەتوانین بێینە ئێرە."
پارکەکە کەوتووەتە گەڕەکی فرەنسۆ هەریری لە بناری چیای بەنی هەریر، بە شێوەی 24 کاژێری کراوە دەبێت و هاونیشتمانییانی هەریر بێ بەرامبەر و بە خۆڕایی دەتوانن سوودی لێ ببینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ