لە چوار رۆژدا چوار جار درۆن سنووری گوندێکی ئاخجەلەری بۆردوومان کردووە

01-01-2024
پێشەوا بەختیار
گوندی چنار تووی ئاخجەلەر
گوندی چنار تووی ئاخجەلەر
A+ A-
 
رووداو - چەمچەماڵ

لە یەکەمین بەرەبەیانی ساڵی نوێی 2024، پوورە کوردستان و گوندنشینانی چنار تووی ئاخجەلەر دەنگی بۆردوومانی گوندەکەیان رایچڵەکاندن، جارێکی دیکە ترسی بۆ ژیان و کاری رۆژانەیان دروستکرد؛ ئەو ژنە 73 ساڵە لە چوار رۆژدا چوار جار سنووری گوندەکەی کراوەتە ئامانجی فڕۆکەکان.
 
کوردستان سادق، گوندنشین دەڵێت، "وەڵڵا زۆر ترساین، ماڵمان وێران دەکات ئەو تەقینەوەیە. سێ رۆژ بوو لەناو جێگە بووم، نەخۆش بووم، ئەمڕۆ سەرم دەرکرد تەقینەوەکە دیسانەوە خستمیەوە ناو جێگە."
 
مام حارس هەرچەندە پێیەکانی توانای رۆشتنیان نەماوە، بەڵام ترس و دەنگی بۆردوومانەکە لە ماڵ هێناویەتیە دەرەوە، چونکە دڵی ئۆقرە ناگرێت کوردستانی هاوژینی و بووکەکەی لە دەرەوە کار بکەن و فڕۆکەش لە ئاسمان دەنگی بێت، لێیان دەڕوانێت و نایشزانێت لە چ کاتێکدا جارێکی دیکە دەنگی بەرزی بۆردوومان گوێیان دەزرنگێنێتەوە و هەر لە دڵەڕاوکێدایە.
 
حارس فارس، گوندنشین گوتی، "زۆر دەترسین، ئەم وەزعە باش نییە، تۆز لەو گردە هەڵدەسێنێت ئەوەنە زۆرە، ئەمجارە نەمانبینی کەس بێت یان بچێت بۆ لایان."
 
گوندی چنارتوو لە دوو ساڵی رابردوودا 10 ماڵ تێیدا نیشتەجێ بوون، بەڵام ترسی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە خاکەکەیان، ناچار بە چۆڵکردنی کردوون و حەوت ماڵیان گوندەکەیان چۆڵ کردووە.
 
راوێژ رێبین، گوندنشین ئاماژەی بەوە کرد، "خەڵک ناوێرن بچن رەز و باخەکەیان ئاو بدەن، لە ترسی ئەوەی تەیارە لێی نەدات، لادێکەمان سێ ماڵی تێدا ماوە، ئەوانیش لە ترسا وا خەریکە دەڕۆن و خاپوور بووە."
 
لە چوار مانگی رابردوودا شەش جار سنووری ئەو گوندە کراوەتە ئامانجی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، لە بۆردوومانی یەکەم دوو کوژراو و دوو بریندار هەبوون؛ تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش هیچ لایەنێک دەربارەی زیانە گیانی و مادییەکانی پێنج جارەکەی دیکە زانیارییان بڵاونەکردووەتەوە. هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سنوورەکە لە ترسی بۆردوومان ناتوانن بچنە شوێنی رووداوەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".