لە دێرسیم بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 16:28خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە 01-01-2024 بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی پەلەموری سەر بە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان روویدا.
 
بەگوێرەی داتاکانی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا - ئافاد، قووڵایی بوومەلەرزەکە بە 8.7 کیلۆمەتر تۆمارکراوە و لە شارۆچکەی پولومور هەستی پێکراوە. لەکاتی بوومەلەرزەکەدا هاونیشتمانییان لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە و بەشێکیشیان تەواو پەشۆکاون، چونکە ماوەیەکە بەشێک لە پسپۆڕان و کەشناسان باس لەوە دەکەن، مەترسی کەوتووەتەسەر دێرسیم، جۆلەمێرگ و شارەکانی دیکەی ناوچەکە.
 
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە کاریگەری و زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە بڵاونەکراوەتەوە.
 
هەر بەگوێرەی ئافاد دوێنێ یەکشەممە 31-12-2023 دوو بوومەلەرزەی دیکە لە شارۆچکەی شەمزینان بە گوڕی کەمتر روویاندا. بوومەلەرزەکان کاژێر 06:00ی ئێوارە بە گوڕی 2 پلەی رێختەر و کاژێر 06:10 خولەکیش بە گوڕی 2.1 پلەی رێختەر لە شەمزینان تۆمار کران.
 
هەروەها رۆژی شەممە 30-12-2023 کاژێر 04:26ی ئێوارە بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان روویدا. گوڕی بوومەلەرزەکە بە 4.2 پلەی رێختەر تۆمار کرا و چەقەکەشی ناوەندی شاری خارپێت بوو. هەروەها قووڵایی بوومەلەرزەکە بە 9.36 کیلۆمەتر تۆمارکراوبوو.
 
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەرەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لەو بوومەلەرزانەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس بوو.