ئەحمەد تورک: بەشدارینەکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە پرسەی باوکی، بڕیارێکی شیاو بوو

01-01-2024
هیدایەت جان
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە پرسەی باوکی سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری بەندکراوی کورد، بڕیاری بەشدارینەکردنی دەمیرتاشی لە پرسەی باوکی بە بڕیارێکی سیاسی و شیاو وەسف کرد و گوتی، "ئەمڕۆ هەموو گەلی کورد لە باکووری کوردستان خۆیان بە خاوەن پرسەکە دەزانن و بەشداریی تێدا دەکەن."
 
رۆژی دووشەممە 01-01-2024 ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی پرسەی تاهیر دەمیرتاش، باوکی سەلاحەدین دەمیرتاش لە ئامەد بە عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداوی گوت، "ستەم لەسەر گەلی کورد بەردەوامە و هەزاران سیاسەتمەداری کورد خراونەتە بەندیخانەوە و سەرجەمیان لەژێر ئەشکەنجەدان، بەو هۆیەوە وەکو سەرکۆنەکردنێک، سەلاحەدین بەشداریی لە پرسەی باوکی نەکرد و گوتی، گەلی کورد با پرسەکەی بەڕێوەببەن، بەو کارەش سیاسەت و رەفتارەکانی حکومەتی سەرکۆنە کرد."
 
ئەحمەد تورک پێیوایە ئەو هەڵوێستەی سەلاحەدین دەمیرتاش لای "هەڵوێستێکی شیاوە" و گوتی، "پێشتر فیگەن یوکسەکداخ و گولتان کیشاناک لە زیندانەوە چوون بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوک و براکەیان، بەڵام شەش کاژێریان مۆڵەت پێدرابوو، ئەوەش تەنیا کارێکی سیمبولیکە، لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەی دەیانویست بەشداری لە پرسەکەیاندا بکەن، نەیاندەتوانی لەو ماوە کەمەدا خۆیان بگەیێنن پێیان و سەرەخۆشییان لێ بکەن، بۆیەش سەلاحەدین دەمیرتاش بڕیاریدا بەشداری لە پرسەی باوکی نەکات و بڕیارەکەشی لەجێی خۆی بوو."
 
ئەو سیاسەتمەدارە کوردەی باکووری کوردستان باسی لەوەش کرد، "ئەمڕۆ هەموو کورد لە باکووری کوردستان ئەرکی بەڕێوەبردنی پرسەی باوکی سەلاحەدین دەمیرتاشیان گرتووەتە ئەستۆ، بە هەزاران کەس هاتوون بۆ پرسەکە و سەرجەم گەلی ئامەد و گەلی کورد خۆیان بە خاوەنی پرسەکە دەزانن."
 
ئەحمەد تورک خۆی بۆ سەرۆکی شارەوانی مێردین بەربژێر کردووە، کە بڕیارە 31ی ئاداری 2024 لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوە بچێت و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "ئێمە خەبات و تێکۆشان بۆ دیموکراسی دەکەین، دەمانەوێ دیموکراسی لەو وڵاتەدا جێگیر ببێت، هاوکات سیاسەتی ئێمە لە پێناو گەلەکەماندایە، بۆیە دەبێ گەلی ئێمە بە ئیرادەی خۆیان ئەو ستەم و نەهامەتییە دوور بخەنەوە، ئامانجی من لە خۆ بەربژێرکردنەکە بەدەستهێنانی پێگە و پۆست نییە، تەنیا ئامانجم ئاشتی و ئازادییە و لە تێکۆشانم بەردەوام دەبم، جا لە داهاتوودا چیمان دەخەنە سەر رێ، با بیخەن."
 
ئەحمەد تورک پێشتر سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری مێردین بوو، بەڵام بە بڕیارێکی حکومەتی تورکیا لە سەرۆکی شارەوانی لادرا و قەیومیان لە جێگەی دانا، سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموون، ئەو سیاسەتمەدارە کوردە گوتی، "ئەمڕۆ لە تورکیا دادپەروەری و ماف نەماوە، ئێمە خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."