رووداو دیجیتاڵ
هێشتا خەم و ئازاری بۆردوومانی ساڵی رابردوو لە بیری دانیشتووانی گوندی توتەقەڵ نەچووەتەوە، جارێکی دیکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پێنج جار سنووری گوندەکەیانی کردە ئامانج.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، گوندی توتەقەڵ، سەر بە ناحیەی ئاخجەلەری قەزای چەمچەماڵ بۆردوومان کرا؛ ئەمیرە خان لە بۆردوومانی رابردوو برا و کوڕە پوورەکەی بوونە قوربانی، هەرچەندە هێشتا ترسی نەڕەویوەتەوە، دەنگی بۆردوومان جارێکی دیکە فرمێسکی ترس و دڵتەنگیی پێدەڕێژێتەوە.
ئەمیرە کاکە خان، دانیشتوی گوندەکەیە و دەڵێت، "بە فڕۆکەکەم گوت، چی ماوە بیبەی لێرە؟ تکایە بڕۆ، لە بۆردوومانی رابردوو براکەم و پوورزاکەم کوژران، کە گوێم لە زرمەکەی بوو، ئەوانم بەبیرهاتەوە، خەریک بوو بمرم، زۆر ترساین."
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی بۆردوومانەکەوە، کوژراو و بریندار هەن کە سەربە گەریلاکانی پەکەکەن و لە سنووری گوندی توتەقەڵ بارەگایان هەیە؛ لە پێنج کاتی جیاواز فڕۆکەکان سنوورەکەیان کردووەتە ئامانج.
محەممەد مەعروف، دانیشتوی گوندەکەیە و دەڵێت، "خەڵک هەمووی دەترسێت. ناوێری لە ماڵەوە بچیتە دەرەوە و ئیشەکانت بکەیت. نە کەس هاتووەتەدەر و نەکەسیش چووەتە لایان، تەنیا ئاسایش تەلەفۆنی کردووە، گەرنا کەس نەهاتووە."
لە گوندەکە سەیری هەر دەرگەیەک دەکەی قوفڵێکی پێوەیە، مەگەر بە تاک و تەرا ماڵێک لەوێ مابێتەوە، گەرنا هەمووی لەترسی بۆردوومان چۆڵیانکردووە؛ تەنیا لەماوەی یەک ساڵدا لەکۆی 17 ماڵ 13یان چۆڵیانکردووە.
گوندی توتەقەڵ بەدووری 94 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی؛ بەشێکی گوندنشینان ماوەی ساڵێکە لەترسی فڕۆکەی جەنگی، ناوێرن بچنە سەر رەز و باخەکانیان، بەیانی چوارشەمە، 5 جاری دیکە دەنگی بۆمب رایچڵەکاندوون.
سەمیرە ئەسعەد، دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت، "سوێند بەخوا بارودۆخمان خراپە. گوێم گرانە، بەڵام گوێم لە دوو زرمەی گەورە بوو. هاتمە دەر دووکەڵ چوو بە ئاسماندا."
ساڵح رەشید، دانیشتوی گوندەکەیە و دەڵێت، "دەنگەکەی زۆر زۆر بوو ئەمڕۆ بێوچان بۆردومانی کردووە، ئەو ماڵە گوتی دەرگاکەمان
کراوەتەوە، وامزانی میوان هاتووە، کەچی بەهۆی بۆردوومانەکەوە بوو."
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هیچ لایەنێک زانیاری فەرمی لەسەر بۆردوومانەکە و زیانە گیانی و مادییەکانی بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ