رووداو - سلێمانی
ژنێکی دانیشتووی گوندی گۆپتەپە، زیاتر لە نیوەی تەمەنی لە بەخێوکردنی پەلەوەر بەسەربردووە، ئەمساڵ نەخۆشی رەنج و بەرهەمی ساڵێکی لەناوبردووە؛ لەنێو حەوشەی بەخێوکردنی پەلەوەرەکانی تاک و تەرا قاز مریشک و قەل دەبیندرێن، چونکە زۆرینە بەهۆی نەخۆشییەکەوە مرداربوون.
سەبیحە کەریم، بەخێوکەری پەلەوەر دەڵێت، "دەردی وام نەدیوە یەکسەر بیانکوژێت. قازەکانمان ئەوەندە قورس بوون، هەڵنەدەگیران، شەش دانە بوون، نەخۆشییەکە گێژی دەکردن و ملیانی گێڕ دەکرد."
هەر ماڵێکی گوندەکە بگەڕێیت، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکە زیانی پێگەیاندوون. شڤان دانیشتووی هەمان گوندە و لە ماوەی سێ رۆژدا ئەوەی هەیبووە لە مریشک و قاز و قەل مرداربوونەتەوە؛ دەڵێت، دەرمانی بۆ چارەسەریش بەکارهێنا، بەڵام هیچ سوودی نەبووە، چونکە نەخۆشییەکە زۆری بۆ هێنابوون.
شڤان گۆپتەپەیی، بەخێوکەری پەلەوەر دەڵێت، "مریشکێکم کڕ بوو، دەبوو بەیانی هێلکەکانی هەڵبهێنایە، بەڵام ئەم ڤایرۆسە کوشتی و ئێستا هێلکەکانی جووچکەی تێدایە. مریشکێکی دیکەش دوێنی هێلکەی کرد، کەچی ئەمڕۆ مرد؛ وەکو جەڵتە وایە، ناهێڵێت بمێنێتەوە، فریای سەربڕینیش ناکەوێت."
جەبار عومەر، بەخێوکەری پەلەوەر باسی لەوە کرد، "153 قاز و 73 مریشکمان هەبوو، لەو قازانە 53 قازمان لە ماوەی دوو شەودا مردار بوون، ئەوانەشی ماون ملیان گێڕ بووە و گێژ گێژ لەو ناوە دەسوڕێنەوە."
دانیشتووانی گوندەکە داوای ئەوە دەکەن لایەنی پەیوەندیدار تیمێکی پزیشکی بنێرێتە گوندەکەیان و بەدواداچوون لە هۆکاری نەخۆشییەکە بکەن، چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، چونکە دەڵێن تاوەکو ئێستا لەو گوندە نزیکەی 1000 پەلەوەر لەنێوچوون بە هەمان نەخۆشی، کە پێی دەگوترێت نەخۆشیی ڤایرۆسی نیوکاسڵ.
د. چرپە عومەر، پزیشکی ڤێتێرنێری گوتی، "ئەم نەخۆشیی نیوکاسڵە زۆر کوشندەیە، هەموو باڵندەیەک تووش دەبن، تەنیا پێشگیری لێی ڤاکسینە، کە نایەڵێت تووشبێت، گەر تووشیش ببێت نایەڵێت زیانەکەی زۆر بێت."
گوندی گۆپتەپە یەکێکە لە گوندە گەورەکانی سنووری قەزای چەمچەماڵ و دانیشتووانەکەی نزیکەی 400 ماڵن، جگە لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵی، بەخێوکردنی ماسی سەرچاوەی داهاتی خەڵکەکەیەتی. گۆپتەپە بە دووریی 72 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ