گەشتوگوزاری سلێمانی: بۆ شەوی سەری ساڵ زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی

01-01-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، بۆ شەوی سەری ساڵی 2023، زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی، ئەو ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2022، زیاتر بووە. دەشڵێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا هەزار و 600 شوێنی گەشتیاری هەن کە 68یان لە ماوەی ساڵی رابردوودا کراونەتەوە.
 
ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، دۆخی گەشتیاری ساڵ بە ساڵ بەرەو باشتر دەچێت، چونکە ئەم کەرتە نوێیە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاریدا سستییەک هەیە و ئەویش پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە کە "جیدی نییە لە پشتیوانیکردنی کەرتی گەشتوگوزار."
 
گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، حکومەت نەیتوانیوە کارئاسانی و هاوکاریی کەرتی گەشتیاری بکات و وەبەرهێنانی گەشتیاری بکات، "چونکە رۆتینی ئیداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەرتی گەشتیاری و وەبەرهێنانی گەشتیاری ئیفلیج کردووە."
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری پێشبخەین و هانی هاتنی گەشتیاری زیاتر بدەین بۆ هەرێمی کوردستان، دەبێت ئاسانکاریی باش بۆ وەبەرهێنانی گەشتوگوزار بکرێت، چونکە زیادکردنی باجەکان زۆر کاریگەری هەیە لە پاشەکشەی کەرتی گەشتیاری و لە ساڵی رابردوودا لە سلێمانی چەند شوێنێکی گەشتیاری بەهۆی زیادبوونی باج لەسەریان داخراون."
 
لەبارەی ئامارەکانی چوونی گەشتیاران بۆ سلێمانی، ئارام شوانی گوتی، ساڵی رابردوو بۆ ئاهەنگی سەری ساڵی 2022 تەنیا 30 هەزار گەشتیار سەردانی شارەکەیان کردبوو، بەڵام بۆ سەری ساڵی 2023، شەوی رابردوو زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار هاتبوونە سلێمانی کە بە پلەی یەکەم گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بە پلەی دووەم گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
 
ئارام شوانی گوتیشی، لە ساڵی 2022دا 68 مۆڵەت دراون بۆ کردنەوەی شوێنی گەشتیاری نوێ و بەوەش کۆی گشتی، هەزار و 600 شوێن و جێگەی گەشتیاری [هۆتێل، مۆتێل، رێستۆرانت] لە سلێمانیدا هەن.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی گوتیشی، داهاتی گەشتیاری لە ساڵی رابردوودا 16٪ زیادیکردووە بە بەراورد بە ساڵی 2021 و تەنیا لە ساڵی 2022دا یەک ملیۆن و 100 هەزار گەشتیاری زیاتربووە لە 2021.
 
سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ ساڵی 2023، ئارام شوانی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەمساڵ لە پلانیاندایە بەردی بناخەی "شاری گەشتیاریی دووکان" دابنرێت کە پڕۆژەیەکی گەشتیاریی گەورەیە و قەزای دووکان دەکاتە ناوەندێکی گەشتیاریی گرنگ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
 
باس لەوەش دەکات، کار بۆ ئەوە دەکەن دووەم "دیداری نێرگزی گەشتیاری" ساز بکرێت، بۆ پێشخستن و هاندانی کەرتی گەشتیاری لە شاری سلێمانی و کۆمپانیا و نووسینگەکانی گەشتیاری هانبدەن بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر ببەنە سلێمانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گومرگی کرماشان.

گومرگی کرماشان: لە سێ مانگدا 850 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکراوە

بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێت، لە سێ مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 7٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 845 ملیۆن دۆلار.