تەرمی هاونیشتمانییەک لە خانەقین بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە تەرمی هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی تۆڵەفرۆش لە خانەقین لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی دۆزرایەوە.
 
عەمید ئیدریس محەممەد، بەڕێوبەری پۆلیسی خانەقین بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانیان تەرمی کەسێکیان بە ناوی فەتاح دەلۆ لە گەڕەکی تۆڵەفرۆش دۆزیوەتەوە کە "گولـلە بەر سەری کەوتووە."
 
بەڕێوبەری پۆلیسی خانەقین ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
 
فەتاح دەلۆ، ئەو هاونیشتمانییەی کە کوژراوە، بەڕێوبەری وێستگەی دابەشکردنی سووتەمەنیی خانەقین بووە. کەسێكی نزیکی ئەو هاونیشتمانییە نامەی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێت، سێ منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.