بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخی قاز دوو هێندە بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

مەیدانی باڵندە و پەلەوەر لە حاجیاوا رۆژانی هەینی جمەی دێت لە کڕیار و فرۆشیار. حەسیب ئەحمەد 13 ساڵە لە مەیدانەکەدا کاردەکات، ئەو دەڵێت لەم وەرزەدا خواستی زۆر لەسەر کڕینی پەلەوەرە، لە هەموو شارەکانی دیکەوە کڕیار دێن بۆ قەل و قاز ئەمەش وایکردووە نرخەکان بەرزتر بێتەوە. 
 
حەسیب ئەحمەد، پەلەوەرفرۆشێکە و دەڵێت: کیلۆی بە 10 هەزار دینار تاوەکو 13 هەزارە بەپێی گەورە و بچووکی و بەپێی مامەڵە لەگەڵ کڕیار. هەموو شتێک دەفرۆشرێت. 
 
هەر پەلەوەر نییە، باڵندە و ئاژەڵە کێویەکانیش بازاڕی مەیدانەکەیان گەرمتر کردووە. جەمال ساڵح، دووکاندارێکە و دەڵێت: کەڵەشێری کوردی، قەل، قازی کوردی، قازی هۆرماگۆن، قازی رووسی لێیە. 
 
کەمیی بەرهەمی قازی خۆماڵی و زۆربوونی خواست لەسەری بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخەکەی بۆ دوو هێندە بەرزکردووەتەوە. دوو مانگ پێش ئێستا کیلۆیەک قاز بە حەوت هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بە 13 هەزارە.
 
عومەر ئیبراهیم هاتووە بۆ مەیدانی پەلەوەران لە قەڵادزێ، چاوی لەوەیە قازێکی قەڵەو بە نرخێکی  هەرزانتر لە بازاڕ بکڕێت، ئەو دەڵێت گرانی نرخی قاز لەم ساڵدا وایکردووە کەم کەس بتوانن قاز بکڕن. 
 
عومەر ئیبراهیم، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت: ساڵان قازم بە 40 بۆ 45 هەزار دەکڕی، بەڵام ئێستا، ئەگەر قازێکی باش بکڕی بووەتە 75 هەزار دینار. 
 
هاوشێوەی مەیدانی پەلەوەرانی حاجیاوا، رۆژانی هەینی لە کاژێر 07:00ی بەیانی تاوەکو نوێژی نیوەڕۆ بازاڕی پەلەوەر و باڵندە و هەندێک جاریش مەڕ و بزن، مەیدانی پەلەوەرانی قەڵادزێ گەرموگوڕتر دەکەن.