لە چەمچەماڵ زیاتر لە 40 ملیۆن دیناری هاونیشتمانییەک سووتا؛ "دەتوانێت لە بانکی ناوەندی داوای پارەکەی بکات"


رووداو دیجیتاڵ 

دوایین کاژێرەکانی ساڵی 2022 بۆ خانەوادەیەکی چەمچەماڵ لەبیرنەکراو و چیرۆکێکی ناخۆشبوو، کاتێک بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە خانووەکەی رەمەزانی 59 ساڵ کە پیشەی پۆلیس بوو بە تەواویی سووتا. 
 
رەمەزان حوسێن، خاوەنی ماڵە سووتاوەکەی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "من لەماڵ نەبووم کە ئاگرەکە کەوتبووەوە، بەڵکو لە ئەرکی خۆم بووم، لە پاسەوانی بووم؛ تەلەفۆنیان بۆ کردم گوتیان ماڵەکەت سووتاوە، کە هاتمەوە بینیم ئاگر لە هەموو ژوورەکان بەرزبووەتەوە؛ ویستم بچمە ژوورەوە تاوەکو ناوەڕاستی ژوورەکە دووکەڵ و ئاگربوو، ئەو ژوورەی کەلوپەلەکانی ئێمەی تێدابوو هەمووی سووتا، تەنانەت کەوچکە چایەکیشمان بۆ دەرنەچوو." 
 
هێڤار رەمەزان، کوڕی خاوەنی ماڵە سووتاوەکەی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "پێنج بۆ شەش خولەک پێش ئەوەی ئاگرەکە بکەوێتەوە من لەو ژوورە دانیشتبووم و مۆبایلم بەکاردەهێنا، بانگی فەرموو، چووم دەستنوێژبگرم ئەوەندەی پێنەچوو برا و براژنەکەم کە لە ژوورەکەی دیکە بوون هاواریان لێ بەرزبووەوە گوتیان ماڵەکەمان سووتا، ئاگرەکە زۆر لەپڕبوو ئێستاش نازانین بۆچی دروستبوو." 
 
پێش چەند مانگێک رەمەزان خانوویەکی کۆنی خۆیانی فرۆشتووە، پارەی خۆی و کوڕەکانی کۆکردبووەوە تاوەکو دوای ماوەیەک لە کرێچێتی لەو خانوودا بتوانن خانوویەک بۆ خۆیان بکڕن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە بڕی 36 ملیۆن دیناری عێراقی و 5 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە ماڵەکەیدا سووتان. 
 
بۆ چارەنووسی پارە سووتاوەکەی ماڵی مام رەمەزان پەیامنێری رووداو لەگەڵ پسپۆڕێکی ئابوریی و بانک قسە دەکات. 
 
د. خالید حەیدەر، ئابووریناس و شارەزای بانک بە رووداوی راگەیاند: ئەو خانەوادەیە دەتوانن بچنە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، لەوێ داوا تۆمار بکەن و بەڵگەنامەی سووتانی پارەکان و هەردوو ژمارەی پارەکانیان بدەنێ، بەتایبەتی پارە عێراقییەکان بە یاسای بانکی فیدراڵیی عێراق پێیان دەدرێتەوە. 
 
لەبارەی دۆلارەکەشەوە، ئەو ئابووریناسە دەڵێت: دەبێت لە هەمان شوێن سکاڵا بکەن و بەپێی رێنماییەکان دۆلارەکە بە رێژەیی پێیان دەدرێتەوە، ئەوەش دەمێنێتەوە سەر بڕوا و قەناعەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە داوایان لێبکرێت بۆ پێدانەوەی پارەکە. 
 
خانەوادەکەی رەمەزان ئێستا چاوەڕێی کۆتایی هاتنی پشووەکانن تاوەکو سەردانی بنکەی پۆلیس و لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بکەن؛ خۆشیان دەڵێن، ئەوەی ئاوێک دەکات بەو ئاگرەی کە لەناخیاندا دروستبووە، ئەو هیوایەیە کە بتوانن پارە سووتاوەکانیان وەربگرنەوە.