رووداو - هەولێر
کاڵای هاوردەکراو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی تەنیوە، لە مارکێتەکان هەر شتێک کڕیاران دەستی بۆ دەبەن، بەرهەمی هاوردە کراوە.
میکایل ئیسماعیل، کڕیار دەڵێت، "هەموو ئەو کەلوپەلانەی کڕیومن هاوردەکراون و کاڵای نێوخۆیی زۆر کەمە و نییە." کڕیارێکی دیکە بەناوی دڵشاد یوسف دەڵێت، "ئەو کالایانەی هەن هاوردەکراون ئەگەر هی ناوخۆش هەبێت تەنیا ناوەکەی کوردییە ئەوەی دیکە پێکهاتەکانی هاوردەکراون."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، ساڵی 2022 بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، لە کاتێکدا 2021 قەبارەی هاوردەکردن تەنیا 7 ملیار دۆلار بووە، بەمەش رێژەی هاوردەکردنی کاڵا 114% بەراورد بە ساڵی 2021 زیادیکردووە. بازرگانان دەڵێن بەرهەمی نێوخۆیی بەهۆی گرانیی نرخەکەی، ناتوانێت کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراو بکات.
سەروان هۆشیار، خاوەن مارکێت ئاماژە بەوە دەکات، "90%ی بەرهەمەکانی نێو مارکێتەکەمان هاوردەکراون، تەنیا 10%ی هی نێوخۆییە، بەرهەمی هاوردەکراو فرۆشی زیاترە."
ئەمساڵ 5204 مۆڵەتی هاوردەکردنی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان بە بازرگان دراون، هەناردەکردنیش تەنیا 168 مۆڵەت بە بەهای 272 ملیۆن بووە. زۆرینەی کاڵاکانیش لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردەی بازارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
بەختیار سەلیم ئەمین، بازرگانی خۆراک ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە لە وڵاتانی دەرەوە خۆراک هاوردە دەکەین، وەکو تایلاند، تورکیا و وڵاتانی دیکە. بەرهەمەکان هەموویان هاوردەکراوی دەرەوەن."
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، خۆراکی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان 48%ی لە تورکیا، 17%ی لە ئێران و 35%یش لە ناوخۆ، عێراق و وڵاتانی دیکەوە دابیندەکرێت.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردنکاران لقی هەولێر دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاسایشی خۆراکی نییە، بەردەوام خۆراک لە دەرەوە هاوردە دەکرێت؛ خۆراک بە پلەی یەکەم، ئەوەی دیکەش کەلوپەلی بیناسازی و دەرمان بە پلەی دووەم و سێیەم هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت."
14 هەزار کۆمپانیا لە 105 وڵاتەوە خۆراک و کاڵا لەڕێگەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ