رووداو دیجیتاڵ
بەرەی یەکگرتووی کورد رایگەیاند، سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەکەیان لە دادگە لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی بێبەری بووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگە نادەن ئازاد بکرێت.
بەرەی یەکگرتووی کورد، ئەمڕۆ یەکشەممە 01-01-2023 راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی "ناڕوون"ی سیاوەش حەیاتی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بێبەریبوونی لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی لە دادگە سەلمێندراوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی وەکو کەفالەت و دانانی بارمتە رێگە نادەن ئازاد بکرێت.
سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد رۆژی 07-12-2022 دوای گەڕانەوەی لە شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان لەگەڵ چەند چالاکڤانێکی دیکەی یارسان دەستبەسەر کرا و ئێستا لە گرتووخانەی دزڵئاوای کرماشان راگیراوە.
حەیاتی پێش ئەوە لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئێرانەوە بەهۆی بەشداریکردن و قسەکردن لە رێوڕەسمی ناشتنی یەکێک لە قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی کرماشان، بە یەک ساڵ بەندکردن سزا درابوو و بە کەفالەت ئازاد کرابوو. بەرەی یەکگرتووی کورد دەڵێت، ئەو کاتەی دەستبەسەر کراوەتەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی داواکاری بووە بۆ پێداچوونەوە بە سزاکەی.
بەرەی یەکگرتوو داوا دەکات، تەواوی دەستبەسەرکراوانی سیاسی و ئەو کەسانەی، بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین دەستبەسەر کراون، ئازاد بکرێن.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ناڕەزاییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا زیاتر لە چوار هەزار کەس دەستبەسەر کراون. بەشێکیان بە کەفالەت ئازاد کراون و ژمارەیەکی دیکەشیان لە زیندانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ