رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نزیکەی 30 تۆن زبڵ و خاشاکی ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵ لەنێو شاری هەولێر کۆکراونەتەوە. دەشڵێت، "هاونیشتمانییان پابەندی پاکوخاوێنی نین، زبڵ و خاشاکەکان لەنێو شەقامەکاندا فڕێ دەدەن."
ئەندازیار ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، لە کاژێر 04:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە تاوەکو کاژێر 07:00 لە چەند شوێنێکی شاری هەولێر، تیمەکانی پاککردنەوەی نێوشار نزیکەی 30 تۆن زبڵ و خاشاکیان کۆکردووەتەوە.
ژیار جەلال گوتیشی، نزیکەی هەزار پاککەوان و ژینگەپارێز بەشداربوون لە پاککردنەوەی نێو شار. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شوێنانەی پاککرابوونەوە ئەمانەن: (ناوبازاڕی هەولێر نزیک قەڵا، ئیمپایەر، دریم سیتی، فامیلی مۆڵ، ماجدی مۆڵ و شەقامی غەزالی)، هەموویان تاوەکو کاژێر 07:00 پاککراونەتەوە و شۆردراون.
لەبارەی پاککردنەوەی نێوشار و نزیک قەڵای هەولێر، ئەو بەرپرسەی شارەوانیی هەولێر باسی لەوە کرد، لەنێو بازاڕی شاری هەولێردا نزیکەی 50 زبڵدانی 660 لیتری دانرابوون، "بەڵام بەداخەوە هاونیشتمانییان پابەندی پاکوخاوێنی نین، زبڵ و خاشاکەکان لەنێو شەقامەکاندا فڕێ دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ