شەوی سەری ساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 70 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە برینداربوون

01-01-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە دوێنێ شەممەوە بۆ بەیانیی ئەمڕۆ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، هیچ کەسێک بەهۆی رووداوەکانی سەری ساڵەوە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام 273 کەس بەهۆی رووداوی جیاوازەوە براونەتە نەخۆشخانەکان، لەنێویاندا لە سلێمانی 42 کەس و لە دهۆکیش 30 کەس بەهۆی بەرکەوتنی یاریی ئاگرینەوە پێویستیان بە چارەسەر بووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1-1-2023، تەندروستیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شەوی سەری ساڵی نوێ لە رێگەی 10 تیمی پزیشکییەوە لە شوێنە جیاوازەکان پێشوازییان لە نزیکەی 30 بریندار کردووە کە لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا برینداربوون.
 
هەروەها عیرفان عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کاژێر 03:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی 31-12-2022 بۆ کاژیر03:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1-1-2023، لە سلێمانی 114 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە؛ لەنێویاندا 42 رووداویان بەرکەوتنی یارییە ئاگرییەکان بووە و 41 کەس لە شوێنی رووداوەکان چارەسەرییان بۆ کراوە و یەک کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، هەروەها 33 رووداوی برینداربوون هەبووە کە دووانیان بە چەقۆ بوون و ئەوانی دیکەش لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێدا بووە و تەنیا دووانیان پێویستیان بە نەخۆشخانە هەبووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەیسەم بەربوهاری، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رێگەی 30 تیمەوە بۆ بە هاناوەچوونی هاووڵاتییان و گەشتیاران لە شەوی سەری ساڵدا لە ئامادەباشیدابوون و پێشوازییان لە زیاتر لە 50 نەخۆشی رووداوی جیاواز کردووە.
 
بەربوهاری ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو رووداوەکاندا 30 کەس بەهۆی یاریی ئاگرینەوە پێویستیان بە چارەسەر بووە. گوتیشی: "هیچ رووداوێکی مردن لە شەوی سەری ساڵدا تۆمار نەکراوە".
 
هەروەها سەعدی رەفعەت، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کاژێر 08:00ـی بەیانیی دوێنێ بۆ 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، 79 نەخۆشی جۆراوجۆر سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنیان کردووە، بەڵام هیچیان بەهۆی سەری ساڵەوە نەبوون.
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە گوتیشی، هیچ بریندارێکی گولـلە، سووتاوی بەهۆی یاریی ئاگرین و مردن نەبراوەتە نەخۆشخانەکەیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە