جەبار یاوەر: عێراق رەزامەندیی نەداوە درۆن بدرێتە پێشمەرگە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، ئەمریکا رەزامەندیی داوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری بۆ پێشمەرگە دابین بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەزامەندی نەدراوە.
 
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، داواکارییەک پێشکەشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کراوە کە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێرییە نەوەک شەڕکەر، ئەوان داوای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەریان نەکردووە، بەڵکو داوای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێرییان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بە بەردەوامی چاودێریی ئەو ناوچانە بکەن کە جمووجوڵی داعشیان تێدایە.
 
جەبار یاوەر گوتی، "ئەوەندەی ئێمە زانیومانە، ئەمریکا رەزامەندیی داوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری بۆ پێشمەرگە دابین بکرێت، بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەزامەندی نەدراوە، کێشەی دواکەوتنی دابینکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیش هەر ئەوەیە."
 
بە گوتەی ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، ئێستا لە لایەن هاوپەیمانان، ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەوە هەوڵێک هەیە کە وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رەزامەندیی بدەن ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بە پێشمەرگە بدرێن.
 
لەبارەی ئەو کەلوپەلانەی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستیانن جەبار یاوەر گوتیشی، "بە سوپاسەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی سەرۆکایەتیی کامێرای گەرمیبینی بۆ پێشمەرگە کڕی و مانگی پێشوو نزیکەی 50 دانەیان رادەستی پێشمەرگە کراون و مەشقیان لەسەر کراوە." 
 
ساڵی 2021 چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل، بوونە مایەی زیانێکی زۆری گیانی و ماددی.
 
ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە باس لەوە دەکات، هۆکارەکانی هێرشەکانی داعش جیاواز بوون، بە درێژایی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێڵەکانی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەن. ئەو بۆشاییە ئەمنییانە بە تایبەتی دەکەونە ناوچەکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و هەندێک شوێنی نزیک مەخموور. ئەوەش بووەتە ناوچەیەکی ئارام بۆ تیرۆریستان تا بتوانن بنکەکانیان تێیدا دروست بکەن.
 
جەبار یاوەر، باسی لەوەشکرد، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی ئەو کردە تیرۆریستییانەی چەکدارانی داعش ئەو هەلومەرجە بووە کە لە عێراقدا بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە پەیدا بووە بە تایبەتی ئەو ناکۆکییەی لەسەر چۆنێتیی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دروست بووە کە تاوەکو ئێستایش بەردەوامە.  
 
ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق چەند کۆبوونەوەیەکیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پڕ بکەنەوە کە لەنێوانیاندان و بڕیار درا دوو لیوای هاوبەش پێکبهێنن، بەڵام هێشتا ئەو دوو لیوایە پێکنەهێنراون.
 
بە گوتەی ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، داعش لە سەرەتای ساڵی 2021ـەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم 229 کردەی تیرۆریستیی لە ناوچە دابڕێنراوەکان جێبەجێ کردوون. 839 کەسیش شەهید و بریندار بوون و رفێنراون، کە بەشێکی زۆریان پێشمەرگە بوون و لە نێویشیاندا خەڵکی سڤیلیش هەن. 
 
جەبار یاوەر دەشڵێت، "بڕیار وابوو کە مانگی حوزەیرانی 2021 ئەو دوو لیوایە دابمەزرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق نەیتوانی بودجەی ئەو دوو لیوایە لە بودجەی گشتی دابین بکات، چونکە لە یاسای بودجەی 2021ـی عێراقدا باس نەکراوە، ئەوە بووە هۆکاری دواخستی دامەزراندنی دوو لیواکە، بەڵام ئێمە لەسەر ئەوە نەوەستاین و لە بەغدا، هەولێر و مەخموور چەند کۆبوونەوەیەکمان کرد و گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە دەست بە جموجووڵ بکەین، رۆژانە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەیە."
 
ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە باس لەوەش دەکات، رۆژی پێنجشەممە 30-12-2021 لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە لای مەخموور شەش تیرۆریستی داعش کوژراون و هەندێک ناوچەیان لێ پاککراوەتەوە، هەروەها لە مانگی 12یشدا بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەبووە.
 
جەبار یاوەر ئەوەشی گوت، "ئێمە لە کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە رێککەوتووین چاوەڕێی دامەزراندنی لیواکان نەکەین و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراقدا بە درێژایی ئەو 560 کیلۆمەترە هەر کاتێک پێویست بێت دەتوانین ئۆپەراسیۆن بکەین."
 
ئەو دوو لیوایەی کە بڕیارە پێکبهێنرێن هەر یەکێکیان لە سێ هەزار و 500 کەس پێکدێن. بەپێی ئەو بەرنامەیەی داڕێژراوە دەبێت هەردووکیان لە مانگی کانوونی دووەمی 2022ـدا بچنە بنکەی مەشقی سەربازیی سوپای عێراق بۆ ئەوەی دوو مانگ مەشقیان پێبکرێت و دوای ئەوە تێکەڵ بکرێن. 
 
لیوایەکیان لە باشووری کەرکووکەوە تا ناوچەی خانەقین دەبێت و ئەوی دیکەیشیان لە باکووری کەرکووکەوە تا ناوچەی سحێلا دەبێت، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش فەرماندەیی ئەو دوو لیوایە دەکات.
 
ئەمینداری گشتی هێزەکانی پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو، مووچەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەو پارەیە دابین دەکرێت کە ئەمریکا وەک هاوکاری بە عێراقی دەدات و بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، بەپێی ئەو هەواڵانەی هەن، پاش پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2022ـی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڕێک پارە بۆ پێشمەرگە دیاری کراوە کە تاوەکو ئێستا نازانرێت بە تەواوەتی چەندە، بەڵام هەندێک کەس باس لەوە دەکەن کە 260 بۆ 290 ملیۆن دۆلار بێت بۆ ساڵێک.
 
پێویستیی مووچەی مانگانەی وەزارەتی پێشمەرگە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلارە، ئەو پارەیەی ئەمریکا تەنیا بۆ لیواکانە، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەدرێت.