ئیدارەی سۆران شەش کاژێر بێ کارەبا دەبێت

01-01-2022
عەدنان رەشید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران رایگەیاند، بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەی نوێی 132 کەی ڤی، ئەمڕۆ سۆران کارەبای کەم دەبێت، بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سۆرانیش دەڵێت: "لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ تاوەکو 06:00ی ئێوارە سۆران بێ کارەبا دەبێت".
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رۆژی شەممە 1/1/2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاتی بەفربارینەکەی رۆژی 25/12/2021 تاوەرێکی کارەبا کەوتووە، بۆیە ئەمڕۆ کار لە چاککردنەوەی تاوەرەکە و پڕۆژەی نوێی 132 کەی ڤی دەکەن.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێت: "بڕیاربوو پڕۆژەی نوێی 132 کەی ڤی پێش کۆتایی ساڵی 2021 بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی کەوتنی ئەو تاوەرە و لافاوەکەی هەولێر دواکەوت، ئەمڕۆ کارەکانی کۆتایی دێت و هەفتەی داهاتوو بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئەو پڕۆژە نوێیە دەکرێتەوە". 
 
پڕۆژەی 132 کەی ڤی کارەبای سۆران، لە 70٪ی کارەبای پێویستی سۆران لە هەولێر و دەربەندیخانەوە دەگوازێتەوە، "پێشتر ئەو تۆڕەی کە هەبوو نەیدەتوانی کارەبای پێویست بۆ سۆران بگوازێتەوە".
 
وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی دەکات، لە پڕۆژەکە 33 کیلۆمەتر کێبڵی کۆن گۆڕدراوە، بە کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە، توانای گواستنەوەی کارەبای پێویست بۆ سۆران دابیندەکات.
 
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سۆرانیش رایگەیاند، لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ تاوەکو 06:00ی ئێوارە، بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەی هێڵی نوێ، بە مەبەستی چاککردنەوەی ئەو تاوەرەی لەکارکەوتبوو، هەروەها چاککردنەوەی تاوەرەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ  شەپۆلی نوێی بەفر و باران، سۆران شەش کاژێر بێ کارەبا دەبێت.
 
ئیدارەی سۆران 78 هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە، بڕی ئەو قەرزەش کە لای هاوبەشانی کارەبایە، 83 ملیار دینارە، وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت: "لە 15٪ی ئەو قەرزە خۆش دەبین، ساڵی نوێ 2022، بە میکانیزمی جیاواز قەرزەکان وەردەگیرێنەوە، بڕی ئەو قەرزەشی وەردەگیرێتەوە لە 8٪ی بۆ خزمەتگوزاری سۆران خەرجدەکرێت و ئەوی دیکەی بۆ پڕۆژەکانی کارەبای سۆران خەرجدەکرێتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.

سۆزان مەنسوور: وەکو کەرکووک ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە خانەقین نەکرابوو

نوێنەرێکی خانەقین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو هەڵمەت و ئامادەکارییەی بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە سەرژمێری لە کەرکووک کرا بۆ خانەقین و پارێزگای دیالە نەکران و لە پرۆسەکەدا لەو ناوچانە چەندین گرفت بۆ تۆمارکردنی کورد دروستکران.