داوا لە دوو گەڕەکی خورماڵ دەکرێت چەند رۆژێک ئاوی نیشتمانی بەکارنەهێنن

01-01-2021
هۆرڤان رەفعەت
نیشانەکردن خورماڵ ئاو سکچوون
A+ A-
 
رووداو - خورماڵ

لە شارۆچکەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی ئەوەی ئاوی ئاوەڕۆ تێکەڵی ئاوی ماڵان بووە، زیاتر لە 100 کەس توشی سکچوون و رشانەوە بوون و لە نەخۆشخانەی شارۆچکەکە چارەسەریان بۆ کراوە. هاوکات داوا لە خەڵکی دوو گەڕەک دەکرێت بۆ چەند رۆژی داهاتوو ئاوی نیشتمانی بەکارنەهێنن.
 
لە 27ی کانوونی یەکەمی 2020ـەوە سکچوونەکە بڵابووەتەوە، تاوەکو یەکەمین رۆژی ساڵی نوێ 121 کەس براونەتە نەخۆشخانەی خورماڵ و تووشبووەکان سکچونێکی زۆر و تایەکی بەرز و ئازارێکی زۆری ناوسکیان هەبووە.
 
هێشتا نەزانراوە نەخۆشییەکە چۆن بڵاوبووەتەوە، بەڵام هەر ساتناساتێک کەسێک بە ئازارەوە خۆی بە نەخۆشخانەی شارۆچکەکەدا دەکات.
 
کەوسەر عەلی، یەکێکە لە نەخۆشکەوتووەکان و دەڵێت: "چەند رۆژێکە نیشانەکانی نەخۆشییەکەم لێدەرکەوتوون و سکچوونێکی خراپ و تایەکی بەرزم هەبوو. سەرەتا منداڵەکانم تووشبوون، دواتریش خۆم. لە نەخۆشخانە چارەسەریان پێداوم و باشتر بووم."
 
سەرجەم تووشبووەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر نێردراونەتەوە ماڵەوە. تەندروستیی هەڵەبجە کۆمەڵێک دەرمانی تایبەتی بۆ نەخۆشخانەی خورماڵ ناردووە تاوەکو نەخۆشخانەکە تووشی کەمیی دەرمان نەبێت.
 
عەزیز شەوکەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خورماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پێنج رۆژی رابردوودا 121 کەس هێنراونەتە نەخۆشخانەکانی خورماڵ. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێمەش هۆکارەکە خواردنەوەی ئاوە، چونکە بەپێی داتاکانی ئێمە سەرجەم ئەو کەسانەی تووش بوون ماڵیان لە یەک ناوچەی جوگرافییە و خەڵکی دوو گەڕەکی نزیک لە یەکدین کە سەرجەمیان ئاوی یەک پرۆژەی دابەشکاری ئاو دەخۆنەوە."
 
بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە لیژنەیەکی تایبەتی ناردووەتە خورماڵ. لەگەڵ لیژنەکەدا چووینە ئەو دوو گەڕەکەی کە تووشبووەکانی لێن. هەموو ئەو کەسانەی تووشی سکچوون بوون لە گەڕەکی ئاشتی و قەڵان.
 
حەسەن تۆفیق، چوار ئەندامی خێزانەکەی تووشی سکچوونەکە بوون و دەڵێت: "ژنەکەم و سێ منداڵم تووش بوون و دۆخیان زۆر خراپ بوو. کەس نازانێت بە چی وایان لێهات. یەکێک دەڵێت ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی خواردنەوە تێکەڵ بوون و یەکێک دەڵێت کلۆری زیادە کراوەتە ناو ئاوی خواردنەوەوە. هەرچۆنێک بێت ئەوان دۆخیان خراپە و دەمانەوێت کێشەکە چارەسەر ببێت."
 
 ئاوەڕۆی گەڕەکی قەڵای خورماڵ کەمتر لە 50 مەتر لە پرۆژەی ئاوی گەنجان کە ئاو بۆ چواریەکی شارۆچکەکە دابین دەکات و کەمتر لە 20 مەتر لە حەوزی فەرمانگەی ئاوی شارۆچکەکەوە دوورە.
 
ئەکرەم تۆفیق، بەڕێوبەری خۆپارێزیی هەڵەبجە دەڵێت: "بەپێی لێکۆڵینەوەکان دڵنیا بووینەتەوە کە هۆکاری ژەهراویبوونی ئەو کەسانە تەنیا تێکەڵبونی ئاوی ئاوەڕۆیە بە ئاوی خواردنەوە، چونکە نیشانەکانیان و پشکنینە تەندروستییەکانیان ئاشکرایان کردووە کە هۆکارەکەی ئەوەیە ئاوێکیان خواردووەتەوە شیاوی خواردنەوە نەبووە. بۆیە داوامان لە خەڵکی ئەو گەڕەکانە کردووە تاوەکو چارەسەری کێشەکە دەکەین ئەم چەند رۆژە ئاوی ئەو پرۆژەیە بۆ خواردنەوە بەکارنەهێنن."
 
لیژنەی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت بەهۆی ئەوەی تووشبووەکان تەمەنیان لە 5 بۆ 45 ساڵە و دانیشتووی یەک ناوچەن، دڵنیا بوونەتەوە هۆکارەکە تێکەڵبوونی ئاوەڕۆیە بە ئاوی خواردنەوە، بۆیە داوایان لە دانیشتووانی  گەڕەکی ئاشتی و قەڵا کردووە بۆ چەند رۆژێکی داهاتوو ئاوی پرۆژەکە بۆ خواردنەوە بەکارنەهێنن تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکەن بڕیاریش دراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا سیستەمی ئاوەڕۆی ئەو گەڕەکانە چاک بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە