زیاتر لە 120 کەس لە خورماڵ بەهۆی پیسبوونی ئاو ژەهراویبوون

رووداو دیجیتاڵ

ماوەی 4 بۆ 5 رۆژە سکچوون لە خورماڵ بڵاوبووەتەوە، زیاتر لە 120 کەس بە نیشانەی سکچوون و رشانەوە براونەتە نەخۆشخانە. لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەستیپێکردووە و داوا لە خەڵکی دوو گەڕەک دەکرێت بۆ چەند رۆژی داهاتوو ئاو بەکار نەهێنن.
 
زۆرینەی ئەو کەسانەی تووشبوون دانیشتووی گەڕەکی ئاشتیی و قەڵای خورماڵن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خورماڵ لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 21-12-2020 تاوەکو 1-1-2021، 121 نەخۆش بە نیشانەکانی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکەی ئێمەیان کردووە. 
 
عەزیز شەوکەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خورماڵ دەڵێت، خۆشبەختانە توانیومانە چارەسەری تەواویان بۆ بکەین و دۆخی تەندروستییان جێگیرە. لە رۆژی رابردووەوە تیمێکی تەندروستیش لە هەڵەبجەوە هاتوونەتە خورماڵ بۆ ئەوەی "بزانین هۆکاری سەرەکی ئەم سکچوون و رشانەوەیە چییە".
 
گومانی سەرەکی لە پرۆژەیەکی ئاوی خورماڵە کە ئاوی یەک لەسەر چواری خورماڵ دابین دەکات و سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی گەڕەکەکانی ئاشتی و قەڵایە. عەزیز شەوکەت دەڵێت؛  95%ـی ئەو نەخۆشانەش کە سەردانیان کردووین دانیشتووی ئەو دوو گەڕەکەن.
 
ئەندامێکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تووشبوونی ئەو هانیشتمانیانە بە سکچوون و رشانەوە کە لە هەڵەبجەوە چووەتە خورماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ ئاسایی نییە لەم وەرزەی ساڵ حاڵەتەکانی سکچوون بەو ژمارەیە زیادبکات، بۆیە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
 
زیاتر لە7 هەزار کەس لەو دوو گەڕەکە دەژین و زیاتر لە 1000 کەسیش لە ئاوی ئەو پرۆژەیە دەخۆنەوە. بەپێی لێکدانەوەکانی لیژنەکە هۆکاری ئەو ژەهراویبوونە بۆ ئاو دەگەڕێتەوە نەک خۆراک. ئومێد حەمە ئەمین دەڵێت، تووشبووەکان تەمەنیان لە 5 بۆ 45 ساڵە، بەهۆی ئەوەی هەموو تووشبووەکان لە یەک گەڕەکن ئەگەری ژەهراویبوون بە ئاو زۆر زیاتر دەکات.
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە، ئەگەری هەیە ئاوەڕۆ لەگەڵ ئاوەکە تێکەڵاو بووبێت کە خەریکی لێکۆڵینەوەن بزانن لەکوێ بووە. ئومێد حەمە ئەمین رەتیدەکاتەوە هۆکارەکەی کلۆر بێت و دەڵێت: "نیشانەکانیان هی زیادبوونی کلۆر نییە و لە تاقیکردنەوەکانیشیان ئەوە دەرکەوتووە. لەرێگەی مامۆستایانی ئایینییەوە داوامان لە خەڵک کردووە بۆ ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ ئاوەکە بەکارنەهێنن تاوەکو هۆکارەکەی دەدۆزرێتەوە و بنەبڕ دەکرێت".