ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکایان چۆڵکرد

01-01-2020

20:50

ئەمریکا: ئەوانەی هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەکەمان لەلایەن ئێرانەوە راهێنانیان پێکراوە و پڕچەککراون

مۆرگان ئۆرتاگیوس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
 
رووداو- هەولێر 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کەسانەی هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا "تیرۆریست بوون کە لە لایەن رژێمی ئێرانەوە راهێنانیان پێکراوە و پڕچەککراون". 
 
مۆرگان ئۆرتاگیوس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "شەڕێکی دیکەمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوێت و خەریکی هەڵگیرسانی ئەو شەڕەش نیین، بەڵام رژێمی ئێران بە بەرپرس دەزانین. ئەوەی ئێمەش دەیکەین بریتیە لە پاراستن و بەرگریکردن لە خۆمان. ئیدارەی ترەمپ بەتەواوی دڵنیایە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پارێزراوە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "چەندینجار بە رژێمی ئێرانمان راگەیاندووە کە ئارامگریی ستراتیژیی سەرۆک ترەمپ بە لاوازی تێمەگەن. ئەو سیاسەتەی واشنتن بەرامبەر تاران پەیڕەوی دەکات سەرکەوتوو بووە، بەتایبەتی لە بواری ئابورییەوە". 
 
رۆژی سێشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەوەش تووڕەیی بەرپرسانی ئەمریکای لێکەوتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

17:32

ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکایان چۆڵکرد

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لەسەر داوای دەستەی حەشدی شەعبی لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی دوای دوو رۆژ گردبوونەوە و پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، دەستیان بە پاشەکشەکرد و ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەم باڵیۆزخانەکە چۆڵکرا.
 
رۆژی سێشەممە چەکدار و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی کە نزیکەی 30 کوژراو و 50 برینداری لێکەوتەوە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و داوایانکرد باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق داخرێت، هاوکات درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" و چەندین درووشمی دیکەی دژ بە ئەمریکایان بەرزکردەوە.
 
ئەمڕۆش دەستەی حەشدی شەعبی داوای لە چەکدار و لایەنگرانی کرد وەک رێزگرتنێک لە بڕیاری حکومەتی عێراق لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا بکشێنەوە. دەستەی حەشدی شەعبی هەروەها ستایشی هەڵوێستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، کەسایەتییە سیاسی، ئاینی، رۆشنبیری و جەماوەرییەکان دەکات و بە ئەندامان و لایەنگرانی دەڵێت: پەیامەکەتان گەیشت.
 
تارق حەرب پسپۆڕی یاسا و دەستوور لە لێدوانێکدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەپێی یاسا باڵیۆزخانەکە مووڵکی ئەمریکایە و، دەبێت حکومەتی عێراقی بیپارێزێت. ئەمریکا دەتوانێت رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر لە دژی ئەو سەرکردانەی لە پشت ئەو خۆپێشاندانە بوونە.
 
ئەو پسپۆڕە یاساییە بە دووری دەزانێت ئەمریکا هیچ رێوشوێنێک لە دژی عێراق بگرێتەبەر و دەڵێت لە هەموو وڵاتان زیاتر ئەمریکا نازی عێراق هەڵدەگرێت.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:31

سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر: هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، عێراق دووچاری گۆشەگیری و سزای نێودەوڵەتی دەکاتەوە

عەدنان زەرفی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی نەسر
 
عەدنان زەرفی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی نەسر لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق دانایی سیاسی نییە، کارێکە هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە.  
 
سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی نەسر جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو کارە عێراق دووچاری گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتیی دەکاتەوە. بەتایبەتیش لە وێنەکاندا کەسایەتیی سەرکردە لە دەوڵەت دەردەکەون.
 
لە وێنەکانی خۆپیشاندان و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەریەک لە فالح فەییاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەبوهەمدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق دەردەکەون. 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:14

حەشدی شەعبی داوا لە لایەنگرانی دەکات لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا بکشێنەوە

لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، وێنە؛ AFP
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، داوا لە جەماوەری نزیک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەین بکشێنەوە، وەک رێزگرتنێک لە بڕیاری حکومەتی عێراق و پاراستنی شکۆی دەوڵەت. بە لایەنگرانیش دەڵێت: پەیامەکەتان گەیشت.
 
دەستەی حەشدی شەعبی، ستایشی هەڵوێستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، کەسایەتییە سیاسی، ئایینی، رۆشنبیری و جەماوەرییەکان دەکات کە پەلاماری ئەمریکایان بۆ سەر حەشدی شەعبی ئیدانە و رەتکردەوە.
 
لە کۆتایی بەیاننامەیەکەدا حەشدی شەعبی داوا لە هەمووان دەکات بەشداری لە پرسەی کوژراوانی بەغدا و پارێزگاکان بن کە پرسەی سەرەکی لە بەغدا لە جادرییە دەبێت.  
زیاتر بخوێنەوە

14:05

دەیان سەربازی ئەمریکی گەیشتنە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا

ساتی دابەزینی هێزە ئەمریکییەکە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
ساتی دابەزینی هێزە ئەمریکییەکە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن دان سکاڤینۆ، یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ساتی دابەزینی دەیان سەرباز لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەردەکەوێت.
 
دان سکاڤینۆ لەسەر ڤیدیۆکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزێکی تایبەتە و لە 31-12-2019 لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دابەزیون.
 
پێشتر مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، نزیکەی 750 سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن؛ باسی لەوەیش کرد، هێزی وەڵامدانەوەی خێرا ئامادەکراون بۆ بڵاوکردنەوەیان لە چەند رۆژی داهاتوودا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تووندی هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی، بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەیان باشترین سەربازەکانیان بە کوشندەترین چەکەکانیانەوە ناردووەتە بەغدا، لە بەرامبەردا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە وەڵامدا دەڵێت "ناتوانیت هیچ هەڵەیەک بکەیت".
 
بەهۆی هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەرپرسانی ئەمریکا لێدوانی تووند دژی ئێران و حەشدی شەعبی دەدەن، لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی حەشدی شەعبی و ئێران لێدوانی هاوشێوەیان هەیە.
 

زیاتر بخوێنەوە

13:54

وەزیری بەرگریی ئەمریکا: نزیکەی 750 سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، بەپەلە نزیکەی 750 سەربازی دیکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاودەکەنەوە.
 
مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە توویتەر بڵاویکردووەتەوە، جگە لەو 750 سەربازە، هێزی وەڵامدانەوەی خێرا ئامادەکراون بۆ بڵاوکردنەوەیان لە چەند رۆژی داهاتوودا و دەڵێت "بڵاوکردنەوەی ئەم هێزانە کردەیەکی گونجاو و قایمکارییە لە وەڵامی هەڵکشانی ئاستی هەڕەشەکان دژی ئەمریکییەکان".
 
ئێسپەر باسی لەوە کردووە، ئەمریکا گەلەکەی و بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت لە هەرکوێیەکی سەر رووی زەوی بن.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:44

پۆمپەیۆ؛ موهەندیس، خەزعەلی، عامری و فەییاز بە رێکخەرانی هێرشی سەر باڵیۆزخانەکە

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێرشیکردە سەر چوار کەسایەتیی شیعەی عێراق و دووانیان بە "تیرۆریست" ناودەبات و دەڵێت، بەرپرسن لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
 
لە توویتێكیدا، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێ وێنەی خۆپیشاندانەکانی دوێنێی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بڵاوکردووەتەوە، لەسەر وێنەکان ناوی هەریەکە لە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق-ی وەک "تیرۆریست" بردووە.
 
لەو وێنانەدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردوونەتەوە، هەریەکە لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و سەرۆکی رێکخراوی بەدر و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و  سەرۆک و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش دەبینرێن کە پۆمپەیۆ بە "هاندەری خۆپیشاندانەکە" ناویبردوون.
 
لە توویتەکەدا مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق نووسیویەتی "هێرشەکە لەلایەن هەردوو تیرۆریست ئەبو مەهدی موهەندیس و قەیس خەزعەلی رێکخراوە و لەلایەن هادی عامری و فالح فەییاز بە وەکالەتی ئێران ئەنجامدراوە".

 

زیاتر بخوێنەوە

12:45

خامنەیی بۆ ترەمپ: هیچت پێناکرێت

عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران. وێنە: AP
دوای ئەوەی ترەمپ بە تووندی هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی، بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەیان باشترین سەربازەکانیان بە کوشندەترین چەکەکانیانەوە ناردووەتە بەغدا، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامدا دەڵێت: هیچت پێناکرێت و رووداوەکانی بەغداش پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، هەر شتێک روودەدات، دۆناڵد ترەمپ دەچێتە سەر توویتەر و دەڵێت ''ئێران لەم شتانە بەرپرسە و وەڵاممان بۆی دەبێت" بۆیە بەر لە هەموو شتێک، ئێوە ناتوانن یەک شت بکەن، ئەم رووداوەش هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییە.
 
عەلی خامنەیی رۆژی چوارشەممە 01-01-2020 لە گوتەیەکیدا لە تاران لەبارەی هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکا و هەروەها هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، "ئەمریکا تۆڵەی داعش لە حەشدی شەعبی دەکاتەوە، چونکە حەشد داعشی تێکشکاند و داعش دروستکراوی ئەمریکایە".
 
خامنەیی راشیگەیاند "ئەوان هێرشیانکردە سەر خاکی عێراق و خەڵکیان کوشت، نەک بەتەنیا من، بەڵکو حکومەت و تەواوی گەلی ئێران بە تووندی سەرۆکۆنەی ئەم تاوانەی ئەمریکا دەکەیەن".
 
زیاتر بخوێنەوە

12:36

فەرماندەیەکی دژە تیرۆر: دەترسم خوێنی عێراقییەکان لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڕژێت

بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، وێنە؛ AFP
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق داوا لە چەکداران و لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەکات لە دەوروبەری باڵیۆزخانە ئەمریکا بکشێنەوە و دەڵێت، دەترسم خوێنی عێراقییەکان بڕژێت.
 
لیوا روکن حوسێن رازی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق چووە نێو خۆپیشاندەرانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا و پێی راگەیاندن، پێویستە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا چۆڵ بکەن و لە پاسەوانەکانی نزیک نەکەونەوە.
 
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەشڵێت: دەترسم لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا خوێنی عێراقییەکان بڕژێت. 
 
زیاتر بخوێنەوە

12:00

ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکایان چۆڵکرد

پەیامنێری رووداو: چەند خۆپیشاندەرێک برینداربوون
پەیامنێری رووداو: چەند خۆپیشاندەرێک برینداربوون
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەوڵدەدەن بڵاوە بە لایەنگرانی حەشدی شەعبی بکەن و چەند خۆپیشاندەرێکیش برینداربوون. 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، خۆپیشاندانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و لایەنگرانیان لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەردەوامە و بە هەمان شێوەی دوێنێ ئاگریان کردووەتەوە و درووشمی جیا جیا لەسەر دیوارەکانی باڵیۆزخانە دەنووسن و ئاڵای حەشد و حیزبوڵڵایان بەسەر دیوارەکاندا بەرزکردووەتەوە.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، بە زەبری گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەدرێت و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک لە خوپیشاندەران بەهۆی ئەو گازەوە بریندرابوون و بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.
 
 
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەی سەوزو بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاوەیان پێکراوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، بەڵام کاریگەریان بەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە نییە، بەو پێیەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەسەڵاتدار و باڵادەستترن.
 
رۆژی سێشەممە 31-12-2019 لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و داوایانکرد باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق داخرێت، هاوکات درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" و چەندین درووشمی دیکەی دژ بە ئەمریکایان بەرزکردەوە.
 
رۆژی هەینی 27-12-2019 هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی کەی وەن لە کەرکووک، ئەمریکا لە وەڵامدا پێنج بنکەی سەربازیی حیزبوڵڵای عێراق سەر بە حەشدی شەعبیی لە عێراق و سووریا بۆردوومانکرد، حەشدی شەعبی دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکاوە 28 چەکداریان کوژراون و دەیان چەکداری دیکەشیان برینداربوون.
 
 
زیاتر بخوێنەوە